کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا لە هەوڵی سەپاندنی گەمارۆی ئابووریی بەسەر ٤٠ شیرکەتی کەشتیڕانی ئێران دایە

15:15 - 6 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: یەکیەتیی ئورووپا لە هەوڵدایە کە ناوی ٤٠ شیرکەتی کەشتیڕانی ئێرانی بۆ لیستەی گەمارۆ ئابوورییەکان بگەڕێنێتەوە.

بەپیی راپۆرتی هەواڵدەریی رۆیتێرز، یەکیەتیی ئورووپا لە درێژەی سنوودارکردنی بازرگانی دژی رێژیمی ئێران، لە هەوڵی ئەوە دایە کە ناوی ٤٠ شیرکەتی کەشتیڕانی ئێرانی بە لیستەی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەم یەکیەتییە زێدە بکات.

پێشتریش ناوی ئەم ٤٠ شیرکەتە کەشتیرانە ئێرانییە بە هۆی پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ شیرکەتی کەشتیڕانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە لیستەی گەمارۆ ئابوورییەکانی یەکیەتیی ئورووپادا بوون و پاش ماوەیەک لەلایەن دادگای گشتیی یەکیەتیی ئورووپا لە لیستەی رەشی ئەم یەکیەتییە هاتبوونە دەرێ.

هەواڵی هەوڵی یەکیەتیی ئورووپا بۆ گەڕاندنەوەی ٤٠ شیرکەتی کەشتیڕانی ئێرانی بۆ لیستەی گەمارۆ ئابوورییەکان، ماوەی دوو حەفتە لەمەوبەر لە نامەیەکدا بۆ پارێزەری شیرکەتەکان راگەیاندراوە.

ئەم بڕیارەی یەکیەتیی ئورووپا لە حاڵێک دایە کە دانووستانە ناوکییەکانی رێژیمی ئێران و گرووپی ١+٥ بە قوناغێکی هەستیار گەیشتووە و لەلایەن کۆنگرە و مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکاش هەڕەشەی جیددی نیسبەت بە دەستپێڕانەگەیشتن بە رێکەوتنی ناوکی بڵاو کراوەتەوە.

لەم پەیوەندییەدا، سێناتۆر میچ مەکانێل، سەرۆکی زۆرینەی کۆماریخوازەکانی سێنای ئامریکا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، رایگەیاند ئەگەر دانووستانەکانی گرووپی ١+٥ لەگەڵ رێژیمی ئێران هەتا کۆتایی مانگی مارس (شەش رۆژی دیکە) بە ئاکام نەگات مەجلیسی سێنای ئامریکا گەڵاڵەی قورسترکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان دژی رێژیمی ئێران دەخاتە بەر دەنگدان.

سێناتۆر میچ مەکانێل، لە قسەکانیدا جەختی کردووە کە لە ئەگەری هەر جۆرە رێکەوتنێکی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئێران دەبێت کۆنگرە پەسندی بکات.

هەروەها، سێناتۆر لیندزی گراهام یەکێک لە سێناتۆرە کۆماریخوازەکانی ئامریکا، هەڕەشەی لە دەوڵەتی باراک ئوباما کرد کە ئەگەر رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ رێژیمی ئێران پێش لە پەسندی کۆنگرە بە شۆرای تەناهی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بنرێت لەگەڵ دژ کردەوەی کۆنگرە بەرەوڕوو دەبێتەوە.

ئاویەر.ت