کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هایدێن: رێکەوتن لەگەڵ رێژیمی ئێران ئەمنیەتی جیهان دەخاتە مەترسییەوە

22:24 - 6 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: مایکل هایدێن، سەرۆکی پێشووی رێکخراوی ناوەندیی ئیتلاعاتی ئامریکا رایگەیاندووە که لە ئەگەری هەر جۆرە رێکەوتنی ناوکیی لەگەێ رێژیمی ئێران دورەدیمەنی تەناهی جیهان بەتایبەت ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەوێتە مەترسییەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، مایکل هایدێن، سەرۆکی پێشووی رێکخراوی ناوەندی ئەمنییەتی ئامریکا (CIA) رایگەیاندووە: رێکەوتنی شەش دەوڵەتی زلهێزی جیهانی بە ناوی گرووپی ١+٥ و رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وتووێژەکانی ناوکیی ئەم جارە، سەقامگیری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێکداوە و دوورەدیمەنی ئەمنیەتی ناوچە و جیهانی ناڕوون و رەش دەکات.

مایکل هایدێن ئەم قسانەی لە کۆبوونەوەی شەڕ لەگەڵ بونیادگەرایی ئیسلامی لە کۆمیسیونی ئەمنییەتی نەتەوەیی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا راگەیاندووە.

سەرۆکی پێشووی رێکخراوی ناوەندی ئیتلاعاتی ئامریکا لە قسەکانیدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە رێژیمی ئێران لە وڵاتانی پێشێلکاری مافی نێودەوڵەتییە و رایگەیاندووە: لە ئەگەری رێکەوتنی ناوکیی لەگەڵ رێژیمی ئێران، دیسانەوە هەموو تایبەتمەندییەکانی دیکەی رێژیمی ئێران، وەک پشتیوانی لە تیرۆریزم و مەیل بۆ بەدەستەوەگرتنی ناوچەکە وەک خۆی دەهێڵێتەوە.

لەم پەیوەندییەدا، نیوت گینگریچ، سەرۆکی پێشووی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکایش لە کۆمیسیونی ئەمنییەتی نەتەوەیی مەجلیسی نوێنەران، رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی وەک دۆژمنی سوێندخواردووی ئامریکا ناودێر کرد.

سەرۆکی پێشووی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا لە قسەکانیدا رایگەیاند: رێژیمی ئێران پشتیوانی تیرۆریزمە و دوژمنی سوێندخواردووی ئامریکایە، بەڵام کۆشکی سپی ستراتیژی دیاریکراوی بۆ بەرەنگاربوونە لەگەڵ رێژیمی ئێران نییە.

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، ئەندامانی هەر دوو حیزبی دێموکرات و کۆماریخواز لە نامەیەکدا بۆ سەرکۆماری ئامریکا هۆشداریان بە باراک ئۆباما داوە کە لە ئەگەری هەر جۆرە رێکەوتنێکی ناوکی یا لابردنی گەمارۆ داسەپاوەکان دژی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەبێ کۆنگرە پەسندی بکات و لەم پەیوەندییەدا ئەندامانی نوێنەرانی مەجلیس و سێنای ئامریکا رایانگەیاندووە ئەگەر رێژیمی ئێران و وڵاتانی ٥+١ رێک نەکەون، لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان پێوێستی بە یاسای نوێیە.

لەم پەیوەندییەدا، سێناتۆر میچ مەکانێل، سەرۆکی زۆرینەی کۆماریخوازەکانی سێنای ئامریکا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، رایگەیاند ئەگەر دانووستانەکانی گرووپی ١+٥ لەگەڵ رێژیمی ئێران هەتا کۆتایی مانگی مارس (شەش رۆژی دیکە) بە ئاکام نەگات مەجلیسی سێنای ئامریکا گەڵاڵەی قورسترکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان دژی رێژیمی ئێران دەخاتە بەر دەنگدان.

ئاویەر.ت