کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەئمووریەتی ئەحمەد شەهید بۆ یەک ساڵی دیکە درێژ کرایەوە

22:13 - 8 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، مەئمووریەتی رێپۆرتێری تایبەتیی مافی مرۆڤ لە ئێرانی بۆ ماوەی یەک ساڵی دیکەش درێژ کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ، بە ٢٠ دەنگی ئەرێ و ١١ دەنگی نەخێر و ١٦ دەنگی بێ لایەن، بڕیارنامەی درێژکردنەوەی ماوی مەئمووریەتی ئەحمەد شەهیدی پەسند کرد.

وڵاتانی ئاڵبانی، ئارژانتین، بووتسڤانا، ئیلسالڤادۆر، ئیستوونیا، فەڕانسە، گابن، ئاڵمان، ئیرلەند، ژاپۆن، لیتڤانی، میکزیک، موونتنگرۆ، پاراگۆوە، پورتوغال، کۆرەی باشوور، مەقدوونییە، ئینگلستان و ویلایەتە یەکگرتووەکان دەنگی ئەرێ و وڵاتانی بەنگلادیش، بۆلیڤی، چین، کووبا، هیند، ئەندونیزی، قرقیزستان، پاکستان، رووسیا و ڤێنێزۆئێلا و ڤیتنام دەنگی نەخێریان بەو بڕیارنامەیە داوە.

ئەمە بۆ چوارەمین ساڵە کە ماوەی مەئمووریەتی ئەحمەد شەهید بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆخی مافی مرۆڤ لە رێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، درێژ دەکرێتەوە.

ئەحمەد شەهید لە دوایین راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بۆ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو: ٣٠ رۆژنامەنووسی ئێرانی لە زینداندان و رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەبێ کۆتایی بە سانسۆری ئینترنتی و ناردنی پارازیت بێنێت.

رێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە ئێراندا، پێشتریش داوای لە رێژیمی ئێران کرد کە یاسای سنووردارکردنی ئازادیی رادەربڕین و میدیاکان لابەرێت و هەروەها رۆژنامەنووسان و وێبنووسانی زیندانی ئازاد بکات و کۆتایی بە پارازیت خستنەسەر ماهوارە و فیلتێرکردنی ماڵپەڕەکان بێنێت.

ئەحمەد شەهید، زۆربوونی رێژەی ئیعدامەکان و بوونی یاسای و فەزای توندی ئەمنییەتی کە چالاکیی رێکخراوە مەدەنی، مافی مرۆڤ، حیزبە سیاسییەکان و چالاکانی مافی مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوە، دەرخەرەی ئەوەیە کە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا لە دەورانی سەرکۆماری حەسەن رۆحانی خراپتر بووە.

ئەحمەد شەهید نیگەرانی خۆی سەبارەت بە قەبووڵی راسپارەدەکانی خولی دووهەمی تاوتوێکردنی جیهانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا دەربڕی و رایگەیاند کە رێژیمی ئێران هەتا ئێستا رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو ١٢٦ پێشنیارەی کە قەبووڵی کردبوو، ٨١ دانەیانی جێبەجێ نەکردووە و هیچ پێشنیارێکی سەبارەت بە پرسی لەسێدارەدان لەو وڵاتەدا قەبووڵ نەکردبوو و راسپاردەکانی ساڵی ٢٠١٠ی زایینی بەڕێووە نەبردووە.
سەرەڕای هەوڵ و داخوازیی بەردەوامی ئەحمەد شەهید لەمەڕ سەردانی بۆ وڵاتی ئێران لەمەڕ ئامادەکردنی راپۆرتەکەی، هەتا ئیستا لێپرسراوانی حکوومەتی ئیسلامی ئیزنی بەو ناوبراو نەداوە و جەواد لاریجانی، دەبیری ستادی مافی مرۆڤی دەزگای دادوەریی رێژیمی ئیسلامی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا دوایین راپۆرتی ئەحمەد شەهیدی بە ناڕەوا لە قەڵەم دابوو.

کازیوە.ر