کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکی یەمەن: رێژیمی ئێران یەمەنی وێران کرد

22:44 - 8 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: عەبد رەبە مەنسوور هادی، سەرۆکی وڵاتی یەمەن لە کۆبوونەوەی سەرۆکی وڵاتانی عەرەبی وتی کە رێژیمی ئێران بەکەڵک وەرگرتن لە حووسیەکان وڵاتی یەمەنی وێران کرد.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرکۆماری وڵاتی یەمەن لە کۆبوونەوەی سەرۆکی وڵاتانی عەرەبیدا جەختی کردووەتەوە کە ماوەی دوو مانگە لە سەنعا، پایتەختی یەمەن لەلایەن چەکدارە حووسیەکانەوە گەمارۆ دراون.

سەرکۆماری وڵاتی یەمەن لە درێژەی قسەکاندا رایگەیاندووە: رێژیمی ئێران، بە گەورەکردنی چەکدارە حووسییەکان یەمەنی وێران کردووە، بۆیە دەبێت بەرپرسیارێتی دۆخەکە وەئەستۆ بگرێت.

عەبد رەبە مەنسوور هادی لە قسەکانیدا پێداگری کردووەتەوە: ئەوەی لە ئێستا و داهاتوودا لە یەمەن روو دەدات، رێژیمی ئێران لێی بەرپرسیارە.

لەم پەیوەندییەدا پێشتریش، عەبد رەبە مەنسوور هادی، سەرکۆماری یەمەن، لەمەڕ دەستێوەردانی رێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی ئەم وڵاتەدا هۆشداری بە رێژیمی ئێران دابوو.

عەبد رەبە، گرووپی حووسییەکانی بە ئەو گرووپە شیعەیەی کە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن ناودێر کرد و هەروەها وتی حووسییەکان لە بواری ئابووری، چەک‌وچۆڵ و راهێنانی نیزامی لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیان لێ دەکرێت.

لەم ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە چوارچێوەی یارمەتی چەک‌وچۆڵ، ئابووری، راهێنانی نیزامی ئەندامانی گرووپە میلیشیاکان و هەروەها زیادکردنی باندە سیخوڕییەکان لە وڵاتانی ناوچەکەدا بەڕوونی بەر چاو دەکەوێت.

رێژیمی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، لەلایەن زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە وەکوو بەحرەین، یەمەن، میسر و... بە دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتانە مەحکووم کراوە.

ئاویەر.ت