کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتێكی حیزبی دێمۆكرات لە یادی لەدایك بوونی سكرتێری پێشووى حیزبی شیووعیی كوردستان

18:49 - 22 پووشپەڕ 2712

كوردستان میدیا: هەیئەتێكی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، بەشداریی لە یادی 90 ساڵەی لەدایك بوونی سكترتێری پێشووی حیزبی شیووعیی كوردستانی لە شاری هەولێر كرد.


بەپێی هەواڵی كوردستان میدیا، دوانیوەڕۆی سێشەممە رێكەوتی 20ی پووشپەڕی 1391ی هەتاوی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی حیزبی شیووعیی كوردستان، هەیئەتێكی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی بەڕێز حەسەن شەرەفی جێگری سكرتێری گشتیی حیزب بەشداری لە رێوڕەسمی یادی 90 ساڵەی لەدایك بوونی مامۆستا كەریم ئەحمەد تێكۆشەری دێرین و سكرتێری پێشووی حیزبی شیوعی كوردستاندا كرد.
ئەو یادە بۆ رێزلێنان لە خەبات و تێكۆشانی بەڕیز كەریم ئەحمەد رێك خرابوو كە چەندین هێز و لایەنی سیاسی، رۆشنبیر و كەسایەتیی عێراقی و كوردستانی بەشدارییان تێیدا كرد.
سەرەتای كۆڕیادەكە بە وەستانی خولەكێك بێدەنگی بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان و عێراق دەستی پێكرد، دواتر كۆمەڵێك لایەنی سیاسی و كەسایەتی بابەت و پەیامیان پێشكەش كرد كە بەم چەشنە بووە:

ـ وتاری حیزبی شیووعیی عێراق
ـ وتاری حیزبی شیوعیی كوردستان
ـ وتاری پارلەمانی كوردستان
ـ چەند وتەی حەیدەر شیخ عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی كوردستان
ـ وتەی فەرهاد عەونی، نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان
دواتر بەڕیز مامۆستا كەریم ئەحمەد وتارێكی پڕ لە سۆزی پێشكەش كرد و بە شانازییەوە وتی لە درێژایی خەباتی لە حیزبی شیووعی كە زیاتر لە سێ چارەكە سەدەیە، بۆ ساتێكیش پشتی لەو حیزبە و لە تێكۆشەرانی نەكردووە.
لە بڕگەیەكی دیكەی كۆڕیادەكەدا هەركام لە هەیئەتەكانی بەشداربوو بە پێشكەش كردنی دیاری و چەپكەگوڵ بە بەڕێز كەریم ئەحمەد رێز و قەدردانیی خۆیان پێشكەش بەو كەسایەتییە كرد و دیاریی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیش لەلایەن بەڕیز حەسەن شەرەفی جێگری سكرتێری گشتیی حیزبەوە پێشكەش بە مامۆستا كەریم ئەحمەد كرا.
مامۆستا كەریم ئەحمەد لە سەرەتای لاویەتییەوە تێكەڵ بە ریزەكانی حیزبی شیووعیی عێراق بوو، بە شارەزایی و لێوەشاوەیی و هەوڵی دڵسۆزانەی توانی یەك بە یەك پلەكانی بەرپرسایەتی ببڕێ و سەرەنجام بە پلەی سكرتێری گشتیی ئەو حیزبە گەیشتووە.