کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی ١٠ ی خاکەلێوە لە رۆژهەڵاتی کانادا بەڕێوەچوو

21:19 - 10 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: رێوڕەسمێک بە مەبەستی رێزگرتن لە یادی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان لە رۆژهەڵاتی کانادا بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەک‌شەممە، رێکەوتی ٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، رێوڕەسمێک بەبۆنەی رۆژی شەهیدانی کوردستان بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزب، لەلایەن کۆمیتەی رۆژهەڵاتی کانادا ــ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بە هاوکاریی ماڵی کورد لە شاری تۆروێنتۆ بەڕێوەچوو.

سەرەتا، رێورەسمەکە بە پێشکێش کردنی سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان، شێعرێکی شێرکۆ بێکەس بەناوی شەهید لەلایەن تاهیر دەرویژە ـەوە پێشکەش کرا.

لە پانێلی یەکەمی رێوڕەسمەکەدا، پەیامی حیزب و لایەنە سیاسی و کۆمەلایەتییەکان پێشکەش کرا.

لە بەشی دووهەمی پانێلەکەدا چەند شێعر و هەڵبەست پێشکەش کردان.

پاشان، پەیامی کۆمیتەی رۆژهەڵاتی کانادا - حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەیەوە لەلایەن سەعید گوڵشەنـەوە خوێندرایەوە.

ناوبراو، وێرای ئاماژەکردن بە چۆنییەتی شەهیدکرانی یەکەمین سەرکۆماری کوردستان، پێشەوا قازی محەممەد و هاورێیانی سەدری قازی، و سەیفی قازی وتی: له‌سێداره‌دانی پێشه‌وا و هاورێیەکانی نه‌ک نه‌بوو به‌هۆی چاوترسێن کردنی رێبوارانی رێگای پرسه‌روه‌ری قازی و کۆمار، به‌ڵکوو بوو به‌بڵێسه‌ییه‌کی به‌هێزی گروتینی خه‌بات له ‌دڵی رۆله‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد و به‌گوێدان به‌په‌ند و رێنوێنییه‌کانی سه‌رۆک کۆماری خۆیان لێبراوانه‌درێژه‌یان بە خەباتی خۆیاندا\'\'.

دواتر، شێعرێک بە ناوی ئەیشەهید لەلایەن ئەمیر شوعاعی وەندـەوە پێشکەش کرا.

لە پانێلی دووهەمدا، ئاوا هوما (چالاکوانی مەدەنی)، دوکتور فەریدوون رەحمانی (ماموستای زانکۆکانی دهۆک و تۆرونتۆ)، و سیاوەش وەیسی( نووسەر) سێ بابەتی زانستیان پێشکەش کرد.

ئاوا هوما لەسەر ماف، ئەرک، و رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگای کوردی  لە رابردوودا، قسەی کرد و رۆلی ژنانی لە کۆمەڵگادا بە گرینگ وەسف کرد.

پاشان، فەریدوون رەحمانی باسێکی پێشکەش کرد و لە قسەکانیدا وتی: کورد بە هۆی چەوسانەوەی لەلایەن رێژیمە دواکەوتووەکانی ناوچەکەوە، بایەخی ئازادی، دێموکراسی و مافی مرۆڤ بە باشی تێدەگات و بە وردبینییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکات.  

دواتر سیاوەش وەیسی بابەتێکی بەم بۆنەیەوە پێشکەش کرد، ناوبراو لە قسەکانیدا، ئاماژەی بە دەرفەتەکانی کورد بۆ پێک‌هێنانی کیانی خۆی لە رابردوو و ئێستادا کرد و دەرفەتەکانی ئەمرۆی بە گرینگ و زێرین ناودێر کرد. هەروەها لە درێژەدا رایگەیاند و پێداگری کرد کە کورد دەبی بە باشترین شێوە کەڵکیان لێوەر بگرێت.

لە بەشی کۆتایی پانێلی دووهەمدا، وێنەی شەهیدانی هەر چوارپارچەی کوردستان پێشانی بەشدارانی کۆڕیادەکە درا.

بەم بۆنەیەوە چەندین حیزب و لایەنە سیاسی پەیامی خۆیان پێشکەشی ئەو کۆڕیادە کردبوو:

ــ مالی کورد لە تۆرونتۆ لەلایەن چەتۆ وانی
ــ پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەلایەن ئەرشەد خزری
ــ پارتی دێموکراتی کوردستان لەلایەن سەباح خۆشناو
ــ یەکیەتی نیشتمانی کوردستان لەلایەن سەباح

کازیوە.ر