کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نورویژ/ رێوڕەسمێک بە بۆنەی ١٠ی خەکەلێوە بەڕێوەچوو

22:30 - 12 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: رێوڕەسمێک بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، رۆژی شەهیدانی کوردستان لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ ئۆسلۆ بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕێ کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە ٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ ئۆسلۆ بە مەبەستی رێزگرتن لە یادی شەهیدانی کوردستان لە ساڵڤەگەڕی شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەممەد، یەکەم سەرکۆماری کوردستان و هاوڕێیانی، رێوڕەسمێکی تایبەتی بەڕێوە برد.

رێورەسمەکە بە سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر جەمیل کولاهی باسێکی لەسەر کۆماری کوردستان و رەهەندە جیاوازەکانی پێشکەش کرد و پاشان کۆمەڵیک پرسیار لەلایەن بەشداربوانی رێوڕەسمەکە پێشکەش کرا و ناوبراو وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.

پاشان سمکۆ بێکەس پەخشانێکی لەژێر ناوی بۆ شەهیدانی کوردستان پێشکەش بە ئامادەبوان کرد.

لە بەشێکی ئەو رێورەسمەدا مریەم عەلی پوور، سمکۆ ئیسماعیل زادە و ئیبراهیم لاجانی هەر کامیان باسێکیان پێشکەش کرد و وڵامی پرسیاری بەشداربووانیان لە پەیوەندی لەگەڵ بابەتەکە دایەوە.

دواتر چەپکە گوڵی رێزلێنان لەلایەن عەباس نامی بەرپرسی کۆمیتەی ئۆسلۆ پێشکەش بەو هاورێیانە کرا.

رێوڕەسمەکە بە سرودی ئافەرین قازی محەممەد بە دەنگی هونەرمەند ناسری رەزازی کۆتایی پێهات.

گادر.د