کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانێک دژی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتەوە

18:04 - 14 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ ئاڵمان، خۆپیشاندانێکی دژ بە رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان رێک‌خست.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە بۆنەی رۆژی ١٢ی خاکەلێوە ساڵڕۆژی سەپاندنی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بەسەر ئێراندا لەلایەن ژمارەیەک پارت و رێکخراوی کوردستانی و ئێرانی لە شاری هامبورگ خۆپیشاندانێک بەرێوە چوو و بەو بۆنەوە وتاریان خوێندەوە.
لە خۆپیشاندانەکەدا کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان و ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزب بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و دروشم وتنەوە لە دژی کۆماری ئیسلامی چالاکانە بەشداریان کرد.
شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کۆمیتە لە وتارێکدا ، باسی لە چۆنیەتی زەوتکردنی شۆڕشی گەلانی ئێران لەلایەن مەلاکانی تارانەوە کرد و وتی : کۆماری ئیسلامی ٣٧ ساڵە دەستی بەسەر ئەو شۆڕشەدا گرتووە کە گەلانی ئێران بۆ کۆتایی هێنان بە زوڵم و زۆردارییەکانی حکوومەتی پاشایەتی راپەرین و بەهیوای ئێرانێکی ئازاد و دێموکرات کە لەودا مافی هەموو لایەک پارێزراوبێ.
هەروەها نەقشبەندی لە درێژەدا رایگەیاند کە گەلی کورد هەر لەسەرەتایی دەست‌بەکاربوونی ئەو رێژیمەوە دەنگی نای بەو رێژیمەدا و لە خەباتێکی سەخت و دژواردا بەرەوڕووی بووەوە و لەو پێناوشدا قوربانییەکی زۆری بەختی ئامانجەکانی کرد، ئەو ئامانجانەی کە پاش ٣٧ ساڵ ئێستا بە خۆشحاڵییەوە حیزب و رێکخراوە ئێرانییەکان و گەلانی ئێرانی هێناوەتە سەر ئەو باوەرە کە چی دیکە نابێ ئەو رێژیمە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
نەقشبەندی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پرژایە سەر پرسی دانوستانەکانی تایبەت بە رێکەوتنی نێوان ئێران و وڵاتانی ٥+١ و لەبارەوەرایگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە زوڵم و زۆردارییەکانی، گەلانی ئێرانی وەزالە هێناوە، رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر مەیدانی چالاکی و خەباتی رێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی لە ئێران بەرتەسک دەبنەوە، بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی ئاخێندراون، گرانی ،گیرۆدەبوون بە مادە هۆشبەرەکان ، دەست‌تێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە، پەرە پێدان بە تیرۆر و ترس و تۆقاندن، گرتن و لە سێدارەدان و بەگشتی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە گەیشتۆتە شوێنێک کە ئیدی هیچ رێکەوتنێک ناتوانێ ئەو دۆخە چارەسەر بکات و گەلانی ئێران خەباتی خۆیان لە دژی ئەو رێژێمە زیاتر پەرە پێدەدەن و تا رووخانی رێژیم و هێنانە سەرکاری حکوومەتێکی فیدراڵ و سیکۆلار هەدا نادەن.

هەربۆیە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە ئەوە لەبەر چاو بگرن و مافی مرۆڤ نەکەنە قوربانی ساز و سەوداکانی خۆیان و پێویستیشە یارمەتیدەری خەباتی گەلانی ئێران بن.

کازیوە.ر