کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

21:13 - 15 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: سلێمان سابیری، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش دوو ساڵ بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشییەکی درێژخایەن لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، سلێمان سابیری پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکرات لە ناوەندی ٣ی کوردستان کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی شەهیدانی دیمۆکرات لە جێژنیکان ئەسپەردەی خاک کرا.

سلێمان سابیری کوڕی خدر و خەڵکی ئاوایی نەرزیوەی شاری شنۆ ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی لەنێو بنەماڵەیەکی هەژار چاوی بە دونیا هەڵێنا و هەتا پۆلی ٤ی سەرەتایی خوێندوویە و دواتر بەهۆی هەژاری و دەستکورتییەوە وازی لە خوێندن هێناوە و سەرقالی وەرزێڕی و یارمەتی بنەماڵەکەی بوو.

پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لەساڵی ١٣٥٧دا، برایەکی سلێمان بەناوی کەریم دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و ساڵی ١٣٦٢ شەهید دەبێت.

سلێمان سابیری ٣ ساڵ پاش شەهید بوونی براکەی واتە لەساڵی ١٣٦٥ هەتاویدا، دەبێتە پێشمەرگە و چەکی براکەی بۆ درێژەدانی رێبازەکەی لەشان دەکات و تا دوا ساتەکانی ژیانی وەفادار دەبێت بەو ریبازە.

کاک سلێمان هەم لە کاتی ژیانی ئاسایی و هەم دوای ئەوەی بووە پیشمەرگە بە کەسێکی رووخۆش و قسە‌خۆش ناسرابوو و خەڵک رێزێکی زۆریان لێ دەگرت.

ناوبراو لەماوەی پێشمەرگایەتیدا ئەرکی جۆراوجۆری وەکوو پێرسنۆلی نەخۆشخانە، کاری خەدەماتی و ... بەجێ گەیاندووە و لەزۆربەی شەڕەکانی ناوچەی شنۆ و مرگەوەڕدا بەشداریی چالاکانەی هەبووە.

کاک سلێمان بەهۆی ئۆگرییەک کە بە دێموکرات هەیبوو خاوەن ئارشیڤێکی تایبەت بەخۆی لە وێنەی رێبەران، کادر و پیشمەرگەکان و هەروەها پرتووک و نووسراوی حیزبی بوو.

سلێمان سابیری بەهۆی نەخۆشییەکی درێژماوە کە دوو ساڵ بوو تووشی ببوو، کاتژمێر ٨ی بەیانی رۆژی شەممە ١٥ی خاکەلێوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.

کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی هەمان رۆژ تەرمی کاک سلێمان لەنێو ئاپۆرای کادر و پیشمەرگەکان و هەوەها بەشداریی نوێنەرانی کۆمیسیۆنی سیاسی_ نیزامیی حیزب، لەگۆرستانی شەهیدانی دێموکرات لە جێژنیکان ئەسپەردەی خاک کرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەو بۆنەیەوە سەرەخۆشیی خۆی لە خزم و کەس و کار و هەروەها هاوسەنگەرانی شەهید سلێمان سابیری دەکات.