کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێکەوتنی وڵاتانی ئێران و ١+٥، چڕبوونەوەی ململانێ و سەراعی شیعە و سوونە!

14:37 - 17 خاکەلێوه 2715

دوای زیاتر لە ١٨ مانگ لە دانووستانەکان و وتووێژی نێوان وڵاتانی ئورووپایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و ئێران، سەرئەنجام گەیشتنە رێکەوتنێکی سمبولیک لەسەر راگرتنی پیتاندنی ئوورانیۆم، بۆ بەکارهێنانی بۆمب و مووشەکی دوورهاوێژی ئەتۆمی. ئەگەر دەڵێم سمبولیک رەنگە ئەوەندەی لەهەر دوو رووی خەسارناسی و بەرژەوەندخوازی لێکی بدەینەوە، لە رووی خەسارناسییەوە، هەر دوو یاریکەری مەیدانەکە هیچ کامیان، خۆیان بە خەسار لێکراو نابینن، بەڵکوو، بە پێچەوانەوە، خۆییان بە براوەی بازیەکە دەبینن.

10570.jpg
حەسەن پاڵانی
ئەگەر دەڕوانینە ناورۆکی رێکەوتنەکە لە رووی کوورت و درێژماوەیی ، هەر دوو لایەنی دانوستانکار، بەم جۆرە رێکەوتنە هەم نەفەسێکی درێژتریان دا بە یەکتری و هەم کات و فرسەتێکی زیاتریان بە ئاراستەی یاریکردنی پاراستنی بەرژەوەندیە درێژماوەکانی یەکتر دا. ئەگەرچی هێشتا کاتی زۆر بە بریەوە ماوە کە بتوانین تەواوی پێشبینییەکان ئاراستەیەکی تا رادەیەک دروست بەخۆیەوە بگرێ، بەڵام هەندێک هێما و واقعیەت، کە هەڵینجاوی دۆخی ناوچە و هەلوومەرجە نێوخۆی و نێونەتەوەییەکانن ، پێمان دەڵیت، سازش لە پێناوی سازش بۆ رێکەوتن، لە پێناوی خولقاندنی کەش‌وهەوایەکی نامووساعدی ناوچەیی دەتوانێت مسۆگەری بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووری، هەر دوو لایەنی پەیوەندیدار بکات. بۆچی ئەم رێکەوتنە لەم کات و ساتەدا؟ بۆچی خولقاندنی کەش‌وهەوایەکی نامووساعد؟
ئێران بە نیسبەت ئەوەیکە بتوانێ لە هاوکێشە ناوچەیەکاندا خەونی سوڵتان سەلیمی سەفەووی، لە بەرفەراوان‌کردنی قەڵەم‌ڕەوی خۆیدا، دەور بگێرێ، پێویستی بە هەندێک سازشی ناوچەیی و دەستێوەردان لە هەندێک ناوچەی مناسب، لە رووی بوونی کەمایەسیەکی هاومەزهەبی خۆی هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێ زیاتر و باشتر گەرای شیعەگەری خۆی بچێنێ و ئاوی مەنگی، دانیشتوانی ئەو وڵاتانەی کە رێژەیەکی گەرچی کەمیش بێت لە شیعە مەزهەب ببزوێنێ و بە شەپۆلی خات‌وخۆی سواری شەپۆلەکانی بێت و بە هەر ئاراستەیەکدا ویستی بی بات. بۆ ئەم کارەش پێویستی بە هەندێک رێکاری یاسایی و دەستکراوەیی جوغڕافیایی و ژێۆپۆلیتیکی هەیە، بۆ بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانی.

ئێران بەم حاڵەوە بێ رێکەوتن نەیدەتوانی بەپێی پێویست سواری ئەسپی خەونی سەرکەشی خۆی بێت و لە ئەو جێگایانەی بە پێی پێویست کە بیهەوێت، دەستێوەردان بکات و بارگە و بنەی خۆی قایم بکات. بۆ ئەوەش پێویستی بە رێکەوتن و بژاردەی جۆراوجۆر هەبوو، وەک باشترکردنی سەر و سیمای ئابووری خۆی و هاوردەکردنی پێداویستیە لۆجیستیکی و ئەوەلیەکانی لە دەرەوەی وڵات و باشترکردنی باری گوزەرانی دانیشتوانی خۆی، کە بە هۆکاری مەداومی گەمارۆ یەک لە دوای یەکەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی تووشی فەزایەکی ماڵ وێرانکەری هەمەلایەنە بوو. بۆ ئەم رێکەوتنەش، ئەگەر لە رووی دوورمەودای و دووربینی سیاسییەوە شرۆڤەی بکەیین، ئێران براوەی کاتی و دۆراوی کۆتاییە، هەموو سیناریۆ و ستراتیژە دوورمەوداکانی، ستراتیژی ‌غەرب دەبێت و بەرژەوەندیە درێژ مەوداکانی وڵاتانی ئورووپایی و رۆژئاوایین لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین و وڵاتانی کەنداو و ئاسیای ناوەڕاست و وڵاتانی سەر دەریاری خەلیجی فارس.
وڵاتانی رۆژئاوایی و لە سەروی هەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و ئورووپاییەکان، لە گەرمی و هەرچی گەرم‌کردنی تەنووری ناکۆکی و دووبەرەکیەکانی نێوان شیعە و سوونە پێوستیان، بە ئەکتۆر و یاریکەری باش و هاوکێش هەیە بتوانێت یاری و تەنوورەکە هەرچی باشتر و داغتر بکات و نەهێڵێت گروکڵپەی تەنوورەکە کز و دامرکێتەوە. بۆ ئەوەش وڵاتانی ١+٥ پێویستیان بە هەندێک سەراعی تووندی مەزهەبی هەیە، تا بتوانن گۆمەکە زیاتر بشڵەقێنن و خۆیان هەم وەک تەماشاچی و هەمیش وەک فرۆشیاری سەرەکی چەک و تەقەمەنیەکانیان کە ساڵانێکی زۆرە لە ئەنبارەکانیان ژەنگی هەڵێناوە بفرۆشن و لە هەمان کاتدا وەک دوو رووی دراوێک، لەگەڵ هەرێک لە شیعە و سوونە ژێربەژێر مامەڵەی سیاسی و ئابووری خۆیان درێژە پێ بدەن. بۆ ئەم گەمەیەش پێویستیان بە وڵاتێکی وەک ئێران هەبووە و هەیە بۆ هەرچی زیاتر خۆش‌کردنی گەمەکە و بە گژ دادانی شیعە و سوونە. هەڵگیرسانی دووکەڵی شەڕێکی دوور مەودای مەزهەبی، بێجگە لەوەی چڕ کردنەوەی ناکۆکییەکی درێژ ماوە لە دوای خۆی بەجێ دەهێڵێت و دوو لایەنی مەزهەبی لە دوو بەرەی دژبەێک رادەگرێ، بەڵام دڵنیایی و مسۆگەری بەرژەوەندیەکانی غەرب و ئورووپای بە دوای خۆیدا دێنێتە ئاراوە.

بۆ وڵاتانی ١+٥ ئەم جۆرە لە ریکەوتن و خۆ شەل کردن، لە هەمان کاتدا چاودێرێکی چڕوپڕ بە سەر تەواوی رئاکتۆرەکانی بەرهەم‌هێنانی ئوورانیۆم، گوورزێکی نەرم و لە عینی حاڵدا کاریگەر بەسەر پەیکەری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیەوە دەمێنێت و وەک مۆتەکەێک سەر شان‌وپیلی دەگرێت و دەست لە بینەقاقی بەرنادات. ١+٥ بە ئەم رێکەوتنە گڵۆڵەی چاودێری یاسایی و دابینی مەشروعیەتی نێونەتەوەیی‌یان بۆ خۆیان دابین کرد و بوون بە هێزیکی کارای چاودیری کۆی سیستمی ئێران و لە عینی حاڵدا، رێگا بە سەر کێشەکانی ئێران دەدەن لە هەندێک مەوازنی نێو خۆی و دەرەوەی سنوورەکانی، تا حەدێک خۆی بنوێنێ. بەڵام بە ئەو گووریسەی کە لە ملیان کردوە هەر کاتێ بیان هەوێت شەلی دەکەن و هەر کاتێک بیان هەوێت مەلی بۆ لە شەتەک دەدەن.

ئەم رێکەوتنە مەرگی تەدریجی و پلە بە پلەی کۆماری ئیسلامی بە دوای خۆیدا دێنێت، لە درێژە خایەندا.

کۆی یاری و رێکەوتنەکان و رەمبازێنی هەر دوو لایەنی پەیوەندیدار بە مەسەلەی ناوکیەوە، لە جەوهەردا باوەڕیان بە یەکتری نییە و بە هۆی هاتنەئارای ئەم هەلومەرجە تازەیەوە، هەر لایەنێک لە لایەنەکان بۆ دەستکەوتی ئابووری زیاتر و هژمۆنی دەسەڵاتخوازی خۆی سازش دەکات لە پێناوی جێگیر کردنی. ئەگەر بە کوورتی بیبڕینەوە، خەونی دیتراوی کۆماری ئیسلامی، هەم غەرب و هەم ئورووپاییەکان پێیدەزانن و هەمیش، ئەم فرسەتە، فرسەتێکی باشە بۆ ١+٥ بۆ بووژاندنەوەی ئابووری خۆیان لەسەر حیسابی ئەم هاوکێشە سیاسی و ئیقلیمی و ناوچەییە، کە ئەمڕۆ لە گۆڕێدایە. ئێران ١ + ٥ لای من وەک دووسەری دارێک وان کە چۆن هەردوو سەری دارەکە بەرێک ناکەوون، ئەوانێش مەودای بیرو تێڕوانین و تێفکرینیان هەریەکە و بەلاێکدا چووە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە