کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار زیندانیی سیاسیی کورد سەرەڕای مەترسیداربوونی دۆخی جەستەیی مەرەخەسیان پێ نادرێت

21:06 - 17 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: بەرپرسانی زیندان و ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دانی مەرەخەسی بە چوار زیندانیی سیاسیی کورد کە بارودۆخی جەستەییان نالەبارە، دژایەتی دەکەن.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دادستانی دادسەرای نیزامیی زاهیدان سەرەڕای کێشەی جەستەیی و پێویستی بە پێڕاگەیشتنی پزیشکی لە دانی مەرەخەسی بە محەممەدئەمین ئاگووشی، زیندانیی سیاسیی کوردی بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی زاهیدان، دژایەتی دەکات.

دژایەتی لەگەڵ دانی مەرەخەسی بەو زیندانییە سیاسییە کوردە کە حاڵێکدایە کە بەپێێ بەڵێنی بەرپرسان قەرار بوو، دوای پشووی جێژنی نەورۆز بۆ بەدواداچوونی کێشەی نەخۆشییەکەی سەردانی پزشک بکات، بەڵام سەرەڕای دانانی بارمتە ئیزنی مەرەخەسی پێ نەدرا.

لەو پەیوەندییەدا، دادستانی شاری میناب و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێران لە کوردستان، سەرەڕای ئەوەیکە ئەفشین سۆهراب‌زادە زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی کرماشان تووشی شێرپەنجە بووە و پێویستی بە سەردانی پزشک هەیە، لە دانی مەرەخەسی بە ناوبراو دژایەتییان کردووە.

کەمپەینی بەرگری از زیندانیانی سیاسی و مەدەنی لە راپۆرتێکدا لە پەیوەندی لەگەڵ پێنەدانی مەرەخەسی بە ئەفشین سۆهراب‌زادە رایگەیاندووە، ماوەی ١٠ مانگ لەمەوەبەر دادگای ئینقلابی رێژیم لە سـنە داوای بارمتەی ١٢٠ میلیۆن تمەنی بۆ دانی مەرەخەسی بە ناوبراو کردبوو، بنەماڵەی ناوبراو ئەو بارمتەیەی دادگایان جێبەجێ کرد بەڵام دادگای کوردستان دواتر داوای بارمتەی ٢٢٠ میلیۆنی بۆ دانی مەرەخەسی کردبوو.

لەلایەکی دیکەوە لەو پەیوەندییەدا، محەممەدحوسێن رەزایی زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی میناب، سەرەڕای ئەوەیکە پزشکی ناوبراو رایگەیاندبوو کە دەبێت بۆ ماوەی سێ مانگ لە دەرەوەی زیندان ئیستراحەت بکات، بەڵام مەرەخەسیان بە ناوبراو نەداوە و رۆژی شەممە رێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی دوای نەشتەرگەری بۆ زیندانی میناب گەڕێندراوەتەوە.

لە درێژەی نەدانی مەرەخەسی بە زیندانیانی سیاسیی کورد، کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی رایگەیاندووە: لە حاڵێکدا ماوەی زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی کەریم مووسازادە کۆتایی پێهاتووە، بەڵام بەرپرسانی زیندان ناوبراویان ئازاد نەکردووە.

هەروەها راگەیەندراوە کە کەریم مووسازادە نیسبەت بە ئازادنەکرانی، ناڕەزایەتیی دەربڕیوە و ماوەی ١٦ رۆژە کە مانی لە خواردن گرتووە و بارودۆخی جەستەیی ناوبراو زۆر ناجێگیرە.

ئاویەر. ت