کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/ بەشداریی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە یادی \"رۆژی شەهیدانی کوردی فەیلی\"

15:46 - 18 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە یادی رۆژی شەهیدانی کوردی فەیلی لە سوید بەشداری کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، قادر مێهفەر بە نوێنەرایەتی بەشی پەیوەندییە کورد و کوردستانییەکانی کۆمیتەی سویدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە رێوڕەسمی رۆژی شەهیدانی کوردی فەیلی کە لەلایەن رێکخراوی یەکیەتی دێموکراتی کوردی فەیلی لە شاری ستۆکهۆڵم پایتەختی وڵاتی سوید پێک هاتبوو، بەشداریی کرد.

لەو رێوڕەسمەدا، نوێنەری باڵوێزخانەی عێراق، نوێنەری کونسوولگەریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەرانی حیزب و رێکخراوە سیاسییە عێراقی و کوردستانییەکان و بەشێک لە بنەماڵەی شەهیدانی کوردی فەیلی بەشدار بوون.

لە بڕگەی یەکەمی رێوڕەسمەکەدا وتار و پەیامی لایەنە سیاسییەکان و پەیامی هاوبەش و تایبەت بە بنەماڵەکانی شەهیدانی فەیلی خوێندرانەوە.

لەو پەیوەندییەدا، پەیامی هاوبەشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمیتەی هاوکاری هێزە کورد و کوردستانییەکان، لەلایەن سەمیر ساڵحـەوە خوێندرایەوە.

لەو پەیامە هاوبەشەدا، وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی بۆ بنەماڵەی شەهیدانی کوردی فەیلی، ئاماژە بەوە کرابوو کە پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و قەرەبوو کردنەوەی ماڵی و مەعنەوی ئەو بنەماڵانە، هەنگاوی جیددی و خێرا هەڵگرێ و لەوە زیاتر نەیانکا بە قوربانی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێو پێکهاتەکانی عێراق.

لە بڕگەی دووهەمی رێوڕەسمەکەدا دادوەر ئاسۆ ‌سۆفی کە دادوەرێکی خانەنشین‌کراو لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقە، باسێکی یاسایی لەسەر پیلانەکانی رێژیمی سەدام حوسێن بۆ قەڵاچۆکردن و بێسەروشوێن کردنی کوردانی فەیلی بە شێوەیەکی سیستماتیک و ئامانجدار پێشکەش کرد.

ناوبراو لە تەوەرێکی دیکەی باسەکەیدا لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی رەوتی دادگایی کردنی تاوانبارانی ئەو کردەوە دژە مرۆییە قسەی کرد و ئاماژەی بەو بەڵگانە کرد کە دادگا توانی شەهیدکران و بێسەروشوێن کردنی کوردانی فەیلی وەک جینۆساید بناسێنێ.

ئاسۆ سۆفی لە درێژەی وتەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا کە ئامانج لەو کردەوەیە بە پلەی یەکەم قڕ کردن و لە ناوبردنی کورد و بە پلەی دووهەم پەیڕەوانی ئایینی شیعە بووە.

رێوڕەسمەکە پاش پێشکەش‌کردنی راوبۆچوون و وڵامدانەوەی پرسیاری بەشداربوان لەلایەن دادوەر ئاسۆ سۆفیـەوە کۆتایی پێهات.

ئاسۆ سۆفی، یەکێک لەو دادوەرە کوردانە بوو کە ئەرکی دادگایی و لێپرسینەوە لە تاوانبارانی رێژیمی سەدام حوسێنی پێسپێردرابوو، هەروەها بڕیاری لە سێدارە‌دانی عەلی حەسەن مەجیدعەلی شیمیایی لە بڕیارەکانی ئەو دادوەرە کوردە بوو.

رۆژی شەهیدانی کوردی فەیلی یادێکە لە ئەوەی کە ٣٥ ساڵ لەمەوبەر ٢٠ هەزار کوردی فەیلی لە کات و شوێنی جیاوازدا لەلایەن رێژیمی رووخاوی سەدام حوسێنـەوە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو زۆریان لێ شەهید و بێسەروشوێن کراوە، کە هەتا ئێستاش هیچ زانیارییەک نە لەمەڕ چارەنووسیان و نە لەسەر گۆڕەکانیان نییە.

بەپێی ئامارەکان، جگە لەوەش زیاتر لە ٦٠٠ هەزار کوردی دیکەی فەیلی ئاوارەی وڵاتانی دراوسێی عێراق بوون و مافی هاووڵاتی بوونی عێراقییان لێ وەرگیراوەتەوە.

کازیوە.ر