کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/ کۆڕیادێک بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، رۆژی شەهیدانی کوردستان بەڕێوەچوو

16:47 - 18 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: کۆمیتەی کارلستادی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆڕیادێکیان بە بۆنەی ١٠ی خاکەلیوە، رۆژی شەهیدانی کوردستان لە کارلستادی وڵاتی سوید بەڕێوەبرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆمیتەی کارلستادی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە مەبەستی رێزگرتن لە یادی شەهیدانی کورد و کوردستان لە ساڵڤەگەڕی شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەمەد یەکەمین سەرکۆماری کوردستان و هاوڕێیانی کۆڕیادێکیان بەڕێوەبرد.

سەرەتای کۆڕیادەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان، لەلایەن کۆڕی سروودی لاوانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران – کارلستادی، سروودی ئەی شەهیدان پێشکەش کرا.

دواتر، پەیامی کۆمیتەی کارلستادی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە لەلایەن حیدە حەمدیـەوە خوێندراوە.

پاشان، محەممەد پاڵانی پەخشانێکی له ژیر ناوی ئــەمـشەو ئـاسمان شینی کـرد بـۆ یـادی خـاکەلـێـوە پێشکەش بە ئامادەبوان کرد .

لە درێژەدا پارچە شیعرێک لەلایەن کولسووم بەرزەکاو لەژێر ناوی رۆژهەڵاتەکەم پێشکەش کرا.

هەر لەم کۆڕیادەدا بروسکەی ماتەمینی کۆمیتەکانی لاوان، کوردان و ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بروسکەی ماتەمینی پارتی دێموکراتی کوردستان، بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، رۆژی شەهیدانی کوردستان پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی کۆڕیادەکەدا کۆمیتەی کارلستادی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ رێزگرتن لەو بنەماڵانەی کە رۆڵەکانیان لە پێناو خاک و نیشتماندا گیانی خۆیان فیدا کردووە، دیاری و نامەی سوپاس و پێزانینیان پێشکەش کرا.

لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا بێهروز کوردئەحمەدی باسێکی لەسەر دروست‌بوونی کۆماری کوردستان و دەستکەوتەکانی ئەو کۆمارە کرد و لە درێژەی باسەکەیدا وتی هەرچەند کە کۆمارێکی ساوا و تەمەن کورت بوو بەڵام لەو ماوە کورتەدا توانی گەورەترین خزمەت بە گەلی کورد بکات.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا ئاماژەی بە بارودۆخی ئێستای کوردستان و دوژمنانی گەلی کورد کرد.

ناوبراو لەو پەیوەندییەدا رایگەیاند، ئێستا دوژمنانی گەلی کورد بە شێوەیەکی دیکە و نوێتر دەیانهەوێت کورد و دەستکەوتەکانی کورد لەناوبەرن.

کازیوە.ر