کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فینلاند/ سێمینارێکی تایبەت بە ١٠ی خاكەلێوە \"رۆژی شەهیدانی كوردستان\" بەڕێوەچوو

21:31 - 18 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: سێمینارێک بە بۆنەی ١٠ خاکەلێوە لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی،سێمینارێک بۆ ساڵڕۆژی شەهیدكرانی پێشەوا قازی محەممەد، یەكەم سەركۆماری كوردستان ‌و هاوڕێیانی، لەلایەن كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە لە وڵاتی فینلاند‌ بە بەشداریی دوكتور خۆسرەو بەهرامی، كادری تێكۆشەری حیزب‌ و ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزبی دێموكراتی كوردستان‌ و نوێنەرانی حیزب‌ و رێكخراوە سیاسی‌ و مەدەنییەكان، سێمینارێك لە شاری تامپێرەی ئەو وڵاتەوە بەڕێوەچوو.

سەرەتا سێمینارەكە بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب‌و راگرتنی چەند ساتێك بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاكی هەموو شەهیدانی كوردستان دەستی پێكرد.

پاشان پەیامی كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات، لەلایەن شەفیع رەوشەنیـەوە پێشكەش كرا.

ناوبراو لە پەیامەکەیدا وێڕای نوێ‌كردنەوەی پەیمانی وەفاداری لەگەڵ رێبازی شەهیدان، وتی سەرەڕای ئەوەیکە شەهیدكردنی رێبەرانمان لەلایەن دوژمنانی نەتەوەكەمانەوە، بە پێچەوانەی خەیاڵی خاوی دوژمنان، نەك هەر خەباتی نەتەوایەتی بۆ گەیشتن بە ئامانجە رەواكانی كۆماری كوردستان‌ و پێشەوای نەمر نەوەستاوە، بەڵكوو بە پشت‌بەستن بە ئیرادەی بەهێزی رۆڵە قارەمانەكانی كوردستان، باوەڕمان وایە كە دەتوانین بەسەر دوژمنانی كورد‌ و كوردستاندا سەركەوین‌ و ئامانجی شەهیدان وەدی بێنین.
دواتر پەیامی كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لەلایەن فازڵ یووسفیـەوە خوێندرایەوە.

پاشان پەیامی یەكیەتیی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران لەلایەن شەهێن بەهمەن سوڵتانیـەوە پێشكەش كرا.

لە درێژەدا پارچە شێعرێك لەژێر ناوی خەوێكی پێش سێدارە لەلایەن فازڵ سوڵتانپەناوە پێشكەش كرا.

لە بەشێكی دیكەی سێمیناری تایبەت بە رۆژی شەهیدان كوردستان، پەیامی فێدراسیۆنی كۆمەڵە كوردیەكان لە فینلاند لەلایەن وڵات نەهری، سەرۆكی ئەو فیدراسیۆنەوە پێشكەش كرا.

لە بەشێكی دیكەی ئەو سێمینارەدا، بەشێک لە وتە بەنرخەكانی دوكتور قاسملووی نەمر سەبارەت بە لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد‌ و پەیامێك كە پاش شەهیدكرانی یەكەم سەركۆماری كوردستان بۆ نەوەكانی دواتری بەجێهێشت، پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەكی دیكەدا، پارچە شێعرێك لەلایەن عومەر فاروقی، ئەندامی كۆماری كوردستان بە ناوی كورتە چیرۆكی پیلان كە پاش شەهیدكرانی دوكتور قاسملوو نووسرابوو، لە لایەن فازڵ سوڵتانیـەوە خوێندرایەوە.

بەشی دووهەمی سێمینارەکە دوكتور خۆسرەو بەهرامی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد ناوبراو لە قسەكانیدا، ئاماژەی بە تایبەتمەندی‌ و لێهاتوویی پێشەوای نەمر كرد ‌و وتی: قازی محەممەد ٦٩ ساڵ پێش سیستمێكی نوێی هێنایە نێو شۆڕش‌ و دەرسێكی گرینگی بۆ كورد بەجێێهێشت كە جارێكی دیكە تووشی ئاشبەتاڵ و وابەستە بە فەرد یا رەهبەرێك نەبێت‌، بەڵكوو لەگەڵ سیستم بڕواتە پێش، ئەویش سیستمێك كە وەك حیزبی دێموكرات باسی لە دێموكراسی، ئازادی، مافی مرۆڤ، مافی ژنان‌ و لە هەموو ئەوانەش زیاتر مافی گەلەكەی دەكرد.

دوكتور خوسرەو بەهرامی هەروەها وتی: لە سەردەمێكدا كە خوێندەواریی خەڵك لە ئاستێكی خواروە دابوو و خەڵك ئاشنایی لەگەڵ دێموكراسی‌ و مافی مرۆڤ بەو سوورەتە نەبوو، ئەوە پێشەوا بوو كە خەتی دەدا. خەڵك، خەڵكێكی نیشتمانپەروەر بوو، بەڵام ئاستی زانست زۆر لە خوارێ‌بوو. لەو سەردەمەدا كەسێك وەك پێشەوا كە هەڵدەكەوێ‌، مەعلوومە كە جێگای ئیفتخاری هەموو كوردێكە.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا، دوكتور خۆسرەو بەهرامی رۆڵی دوكتور قاسملوو ‌و دوكتور شەرەفكەندیی نەمری لە مێژووی حیزبی دێموكرات ‌و ناساندنی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی كورد بە دنیای دەرەوە بەرز نرخاند.

بەهرامی لە درێژەی وتەكانیدا، بە ئاماژەدان بە بارودۆخێك كە ئەمڕۆكە لە ئێران ‌و كوردستان‌ و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێش هاتووە، قامكی لەسەر خاڵە لاوازەكانی ئۆپۆزیسیۆنی كۆماری ئیسلامی‌ و بەتایبەت حیزبە كوردیەكان دانا‌ و بیركردنەوە لە رێگاچارەیەك بۆ دەرچوون لەو دۆخە كە ئێستا حیزبەكانی كوردستانی رۆژهەڵاتی تێ‌كەوتووە، بە زەرووری ‌و پێویست زانی.

دوكتور خۆسرەو بە ئاوڕدانەوە لە وەزعیەتی ئێران، ئاماژەی بە دەستێوەردانەكانی كۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی دیكەدا كرد ‌و هەروەها ئەو نیگەرانیانە كە وەك دژكردەوەیەك لە بەرامبەر كردەوەكانی كۆماری ئیسلامیدا دەبینرێن، ناوبراو لەم بارەیەوە وتی: ئەو نیگەرانیەی كە لەو بارەوە هەیە، لە جێی خۆی دایە و پێی وابوو بۆ ئێران ناچێتە پێش كە بتوانێ‌ئیمپراتۆرییەك دروست بكا و سنووری وڵاتان بگۆڕێ‌، چوونكە دنیای عەرەب‌ و رۆژئاوا‌ و وڵاتانی دراوسێی ئێرانیش بە هیچ شێوەیەك تەحەمولی ئەوە ناكەن.

دوكتور خۆسرەو لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا، سەبارەت بە بەرنامە ناوكیەكەی كۆماری ئیسلامی ‌و وتووێژەكانی نێوان ئێران ‌و رۆژئاوا، پێی وابوو كە ئێران لەم بارەوە یا دەبێ‌كۆتا بێ‌ یان لەگەڵ رۆژئاوا تەرەف دەبێ‌ ‌و بەو شێوەیەش دەچێتە نێو معادلاتێكی دیكەوە، چوونكە ئامریكا ‌و ئیسرا‌وئیل ‌و رۆژئاوا ئێرانێكی خاوەن بۆمبی ئەتۆم قەبووڵ ناكەن.

پاش قسەكانی ب دوكتور خۆسرەو بەهرامی، بەشدارانی سێمینارەكە سەبارەت بە باس ‌و وتەكانی بەڕێزیان، پرسیار‌ و تێبینیەكانی خۆیان باس كرد ‌و ناوبراو وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

سێمینارەکە بە سروودی ئەی شەهیدان كۆتایی پێهات.

گادەر. د