کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەوسوود/ کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

22:42 - 18 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی نەقی خوسرەوی کوڕی ئەڵا موراد خەڵکی گوندی شەڕەکان سەر بە شاری نەوسوود کۆچی دوایی کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، نەقی خوسرەوی، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران رۆژی ‌شەممە رێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی بە مەرگی کتووپڕ ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی ئەو هەواڵە کاک نەقی خوسرەوی کاتێک لە باغی خۆیان گەڕاوەتەوە بۆ ماڵ لە کاتی پشووداندا بە مەرگی کتووپڕ کۆچی دوایی کردووە.

10587.jpg
نەقی خوسرەوی

ناوبراو لە ماوەی ساڵەکانی ١٣٤٦ هەتا ١٣٤٧ هەتاویدا خەریکی تێکۆشانی حیزبی بووە و وەک ئەندامێکی چالاک کاری کردووە و پاش خەبات و سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بەسەر نیزامی دیکتاتۆری پاشایەتیدا و ئاشکرابووونی خەبات و تێكۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دواتریش دامەزراندنی هێزەکانی پێشمەرگە، نەقی خوسرەوی سەرەتا وەک ئەندامی رێکخراوی گوندی شەڕەکان دەستی بە تێکۆشان کردووە و دواتریش لە هێزی شاهۆدا وەک پێشمەرگە سازمان درا و رۆڵێکی باشی لە ناوچەکەدا هەبوو.

کاک نەقی خوسرەوی لە هەموو شەڕ و بەرەنگاربوونەوەکانیدا لە دژی رێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا بەشدار بووە.

ناوبراو لە شەڕی بەرزاییەکانی، گوندی شەڕەکان لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاویدا کە رێژیم بە بەکرێگیروا و پاسدارەکان هێرشی کردبووە سەر ئەو گوندەی لە شوێنێک بە ناوی شاخی بەبۆ هەڵکەوتوو لە نێوان شەڕەکان و نۆدشە بە تووندی بریندار بوو.

نەقی خۆسرەوی دوای چابوونەوەی برینەکانی وەک ئەندامێک درێژەی بە خەبات و چالاکییەکانی دا و لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاویدا لە ناوچەی دەرەتفێی هاوار بەسەر میندا کەوت و لاقێکی لە دەست دا و بەو حاڵەشەوە دەستی لە خەبات و تێکوشان هەڵنەگرت.
ناوبراو لە جەریانی شەڕی هەڵەبجەدا لە کاتی گەمارۆی هێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا سەرەڕای برینداربوونی دەست و لاقێکی توانی خۆی رزگار بکات و تێکەڵ بە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بێتەوە.

نەقی خوسرەوی لە ساڵی ١٣٧٣ی هەتاویدا لەسەر ئیجازەی حیزبی دێموکرات گەڕایەوە ناو بنەماڵەکەی خۆی لە گوندی شەڕەکان.

کاک نەقی دوای گەرانەوەی بۆ ناوخۆ دەستی لە خەبات و تێکوشانی نهێنی حیزب هەڵنەگرت و پەیوەندی بە رێکخستنەکانی حیزبەوە گرت و تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە رێبازی حیزب مایەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەس‌وکاری کاک نەقی دەکات و خۆی بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانێت.

گادەر. د