کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی گاردی تایبەت بە بەندی ٣٥٠ی زیندانی ئێڤین

22:18 - 19 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ئێڤین بە بیانووی لێکۆڵینەوە و گەڕان لەلایەن گاردی تایبەتی زیندانی ئێڤینەوە کەوتنە بەر هێرش.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسانی زیندانی ئێڤین بە هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی گاردی حیفازەتی زیندان هێرشیان کردووە سەربەندی ٣٥٠ (بەند زیندانییانی سیاسی زیندانی ئێڤین) و دەستیان داوەتە بەر گەڕان و لێکۆڵینەوەی کەرەستەی تاکەکەسی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ئەم بەندە کە لانیکەم ٤٠ کەسە.

ماڵپەڕی کەلیمە ئەم هێرشەی ئامانجدار و پان بۆ دارێژراو وەسف کردووە و لەم پەیوەندییەدا رایگەیاندووە کە ئەم هێرشە لە ژێر چاوەدێری و لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئیجرایی و حیفازەتی زیندانی ئێڤین ئەنجام دراوە و هەروەها هەژماری هێزەکانیی گاردی تایبەتی زیندان زۆرتر لە زیندانییانی سیاسیی بەندی ٣٥٠ بڵاو کردووەتەوە.

10592.jpg
محەممەد سەدیق کەبوودوەند و سمکۆ خلقەتی زیندانییانی سیاسیی کوردی زیندانی ئێڤین

ئەم هێرشە کە چەند رۆژ پێش لە ساڵڤەگەڕی ‌هێرشی هاوشێوەی ئەم بەندە ئەنجام دراوە، کەرەستەی تاکەکەسی زیندانییانی سیاسی لەلایەن هێزەکانی گاردی تایبەتی زیندانەوە خراپ بووە.

ساڵی رابردوو لە رێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاویدا، هێزەکانی گاردی زیندانی ئێڤین هێرشیان کردبووە سەر بەندی زیندانییانی سیاسی، کە دواجار ئەم هێرشە وەک پێنجشەممەی رەش ناودێر کرا.

لە ماوەی هێرشی هێزەکانی گاردی تایبەتی زیندانی ئێڤین بۆسەر بەندی ٣٥٠، زیندانییانی سیاسی کەوتنە بەر سووکایەتی و لێدان و بێ‌حورمەتی و زیاتر لە ٣٠ زیندانیی سیاسی بریندار و ژمارەیەکیشیان بە هۆی خوێن‌رێژی و شکانی جەستەیان بۆ نەخۆشخانەکانی دەرەوەی زیندان و زیاتر لە ٣٢ زیندانیی سیاسی دیکەی ئەم بەندە بۆ دیوی تاکەکەسی گوازرانەوە.

محەممەدسەیق کەبوودوەند و سمکۆ خلقەتی زیندانییانیی سیاسیی کورد، لە زیندانییانیی سیاسیی زیندانی کراو لە بەندی ٣٥٠ی زیندانی ئێڤینن.

محەممەد سدیق کەبوودوەند، چالاکی مافی مرۆڤ و دامەزرێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، لە رێکەوتی ١٠ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی، دەستبەسەر کرا و لە دادگای ئینقلابی رێژیم لە تاران بە تۆمەتی هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی بە ١٠ ساڵ زیندان و بەهۆی پڕوپاگەندە لەدژی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە یەک ساڵ زیندان سزا درا.

سمکۆ خلقەتی، رێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ١٣٨٨ی هەتاوی، لە شاری ئەراک لەلایەن هێزەکانی ئەمنییەتی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر و بە تۆمەتی هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی لە رێگەی ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە ئوپوزسیونە کوردەکانی دژی رێژیمی ئێران بە ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و ئێستا لە زیندانی ئێڤین ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.

ئاویەر.ت