کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەولێر/ سەردانی شاندێکی حیزبی دێموکرات لە پارتی وڵات پارێزانی دێموکراتی کوردستان

16:31 - 20 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەردانی پارتی وڵات پارێزانی دێموکراتی کوردستانیان کرد و دوایین ئاڵوگۆڕی کوردستان و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی \'\'حەسەن شەرەفی\'\' جێگری سکرتێری گشتیی حیزب، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، سەردانی پارتی وڵات پارێزانی دێموکراتی کوردستانی لە هەولێر کرد و لەلایەن شاندێکی ئەو حیزبەوە بە سەرپەرستیی \'\'نیزامەدین تاش\'\' ناسراو بە (بوتان) ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی و ژمارەیەکی دیکە لە ئەندامانی رێبەریی ئەو پارتە پێشوازیی لێکرا.

لەو دیدارەدا سیاسەت و کردەوەکانی وڵاتانی ناوچە و کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کێشەی کورد لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان بە تایبەت رەوتی ئاشتی لە تورکیە و پێویستی هاوکاری و هاودەنگی کورد لەو هەلومەرجەدا کەوتنەبەر باس و هەر دوو لایەن روانگەکانی خۆیان لەسەر ئەم مەسەلانە خستە روو.

لە کۆتایی ئەم چاوپێکەوتنە دوولایەنەیەدا هەر دوو لایەن لەسەر هاوکاری و پەیوەندییەکانیان جەختیان کردەوە.

گادەر. د