کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ چالاکی سیاسیی کورد بە سێدارە مەحکووم کران

16:36 - 22 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد لەلایەن دەزگای قەزایی رێژیمی ئێرانەوە حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ بڕایەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پشت بەستن بە کۆمەڵەی بەرگری‌کارانی مافی مرۆڤی کوردستان، بنەماڵەکانی سابیر شێخ عەبدوڵڵا، حوسێن عوسمانی و دیاکۆ رەوسووڵ‌زادە، سێ زیندانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ئورمیە، هەواڵی بڕینەوەی حوکمی ئێعدامی منداڵەکانیان بڵاو کردووەتەوە.

بەپیی ئەم راپۆرتە، لقی یەکی دادگای ئینقلابی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەحمەد جەوادکیا ئەم سێ هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی موحاربە و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە سێدارە مەحکووم کراون.

10598.jpg
سابیر شێخ عەبدوڵڵا

هەواڵی مەحکووم‌کرانی ئەم سێ زیندانییە سیاسییە کوردە بە سێدارە لەلایەن کۆمەڵەی بەرگری‌کارانی مافی مرۆڤی کوردستان و لە زاری بنەماڵەکانییانەوە بڵاو کراوەتەوە و هەتا ئێستا ناوەندە فەرمییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەو هەواڵەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.

هەنووکە ٢١ چالاکی سیاسیی کورد بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکان و هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی لە دادگاکانی ئینقلابی ئیسلامیی ئێران بە لەسێدارەدان مەحکووم کراون و حوکمی زۆربەیان لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە تەئید کراوە.

ئەم ئامارە، سامان نەسیم و ٤ زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی حەبیبوڵڵا ئەفشاری، سیروان نژاوی و ئیبراهیم شاپووری کە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٩ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی لەلایەن بەرپرسانی زیندانی ئورمیەوە بەمەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمی ئیعدام بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراونەوە و هەتا ئێستاش هیچ زانیارییەک لە چارەنووسییان لە بەر دەستدا نییە، لە خۆ ناگرێت.

ئاویەر.ت