کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سێدارەدانی منداڵان لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی رێژیمی ئیسلامی بەردەوامە

17:22 - 26 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: لە ماوەی ساڵی رابردوودا ٨ کەس لەو کەسانەی کە لەلایەن رێژیمی ئیسلامییەوە لە سێدارە دراون، لە کاتی ئەنجامدانی تاوان، تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵدا بووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پشت‌بەستن بە راپۆرتی ئاماری ــ شیکاریی ساڵانەی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، لە ئێران سەرجەم ٨١٩ هاووڵاتیی لە سێدارە دراون. حوکمی ٨ کەس لەو کەسانە کاتی ئەنجامدانی تاوان تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵ دابووە کە لەلایەن دەزگای قەزایی و ئەمنییەتی رێژیمی ئێرانەوە جێبەجێ کراوە.

جگە لەو ٨ کەسە، ئەگەری جێبەجێ کردنی حوکمی لە سێدارەدانی سامان نەسیم زیندانیی سیاسیی کورد کە لە کاتی ئەنجامدانی تاوان ١٧ ساڵی بووە و چارەنووسی سامان نەسیم پاش گواستنەوە بۆ دیوی تاکەکەسی بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەکەی ناڕوون بووە، و ئەگەری لە سێدارە دانی لە ئارا دایە.

10626.jpg

جێبەجێ کردنی حوکمی لە سێدارە دانی ٨ منداڵ کە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکانیان ژێر ١٨ ساڵ تەمەنیان بووە ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، سادق لاریجانی بەرپرسی دەزگای دادوەری و ئەندامی شۆرای نیگابانی رێژیمی ئیسلامی لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا لە پرچەکردارێکدا سەبارەت بە نیگەرانیی پارلمانی ئورووپا نیسبەت بە لە سێدارەدانی مێرمنداڵان لە ئێراندا رایگەیاندووە: لە حکوومەتی مەزهەبیی ئێراندا بە هیچ شێوەیەک کەسانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ لە سێدارە نادرێن و ئەمە ئیدیعای پارلمانی ئورووپایە و راست نییە.

یەکیەتی ئورووپا بە بڵاوکردنەوەی راگەیاندراوێک داوای لە بەرپرسانی رێژیمی ئێران کرد، کە پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بن، کە تیایدا لە سێدارەدانی لاوان بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کراوە.

یاسای ئێران، تەمەنی سزای کەیفەری بۆ مێرمنداڵان، ١٥ ساڵ بۆ کوڕان و ٩ ساڵ بۆ کچان داناوە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە کۆنوانسیۆنەکانی نێودەوڵەتی لە سێدارەدانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵی قەدەغە کردووە.

سزادانی مێرمنداڵان لە ئێران وەک بڕانەوەی حوکمی لە سێدارەدان بۆ منداڵ لەلایەن دەزگای دادوەری رێژیمی ئێران بەردەوام یەکێک لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بووە.