کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو چالاکی کرێکاریی کورد بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران

23:00 - 27 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: لە درێژەی رەوتی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد، دەزگای دادوەری رێژیمی ئێران، دوو چالاکی کرێکاریی کوردی بە ٥ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دادگای ئینقلابی شاری سنە، یەدوڵـڵا سەمەدی و ئیقباڵ شەبانی دوو چالاکی کرێکاریی کوردی خەڵکی شاری سنەی بە ٥ سال زیندانی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرد.

پێشتر ئەم دووهاووڵاتییە کوردە بە ٥ مانگ زیندان و ٣٠ زەربە شەلاق مەحکووم کرابوون و هەنووکە حوکمەکەیان بۆ ٥ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو گۆڕدراوە.

لەم پەیوەندییەدا هەواڵدەریی ئیلنای سەر بە رێژیمی ئێران رایگەیاندووە، حوکمی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە کۆتایی مانگی رەشەمەی ساڵی رابردوو بڕاوەتەوە.

یەدوڵـڵا سەمەدی و ئیقباڵ شەبانی کە بە ریز سەرۆک و لێکۆڵەری ئەنجوومەنی سنفی کرێکارانی شاری سنەن، سەرەتای رێبەندانی سالێ رابردوو بە تۆمەتی تێکدانی نەزمی گشتیی لە دادگای ئینقلابی سنە دادگایی کراون.

دادستانی سنە، بە هۆی بەشداریی یەدوڵـا سەمەدی و ئیقباڵ شەبانی لە خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی لە کۆبانێ لە رەزبەری ساڵی رابردوودا، شکایەتی لێ کردوون.

هەروەها ئەم دوو چالاکە کرێکارە رایانگەیاندووە: هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکان لە کۆبوونەوەی هەیئەتی ئەنجوومەنی سنفی کرێکارانی نانوایانی سنە بەشدارییان کردووە.

پێشتریش، عەلی خۆشنمەک چالاکی سیاسی کورد دانیشتووی شاری مەریوان لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوانەوە بە ٣ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

عەلی خۆشنمەک چالاکی سیاسی کورد بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە سیاسییەکانی دژبەری رێژیمی ئێران و پرۆپاگەندا دژی نیزام بە ٣ ساڵ زیندانی مەحکووم کرا.

کازیوە.ر