کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەری شاری بانە کۆچی دوایی کرد

16:12 - 28 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی شاری بانە بەهۆی نەخۆشی لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا لە شاری ئورمیە، کۆچی دوایی کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، کەماڵ خالیدی کوڕی عەبدولقادر و خەڵکی شاری بانە بەهۆی نەخۆشی لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک کەماڵ خالیدی ساڵی ١٣٢١ی هەتاوی لە شاری بانە لە دایک بوو، ناوبراو خاوەنی ٤ برا و خوشکێک بوو و هەموو ئەو خۆشک و برایانە پلەی بەرزی خوێندنیان تەواو کردبوو و بە هۆیەوە خاتوو مەعسوومەی دایکیان بۆ ماوەی ٢ ساڵ وەک دایکی نموونە هەڵبژێردرا.

خالیدی ساڵی ١٣٣٩ی هەتاوی لەگەڵ خاتوو هاجەر دوورئەفشان ژیانی هاوبەشی پێک هێنا و دوای کۆچی دوایی یەکەم منداڵیان بە ناوی شەهلا، ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی بوونە خاوەنی کوڕێک بە ناوی موحسێن و هەر ئەو ساڵە بە هۆی چالاکیی سیاسی و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا زێدی خۆی بەجێهێشت و لە باشووری کوردستان نیشتەجێ بوو.

دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران، بۆ شاری ئەزنای پارێزگای لۆرستان دوور خرایەوە و وێڕای سەختی ژیانی توانی لە کۆنکووری سەرتاسەری سەرکەوتوو بێت و بۆ درێژەدان بە خوێندن چووە تاران و هەر لەو ساڵەنەدا بابەتێکی زانستی ئەو پلەی یەکەمی پێ بەخشرا.

10643.jpg

ناوبراو دوای وەرگرتنی مەدرەکی کارناسی باڵا لە بواری پەروەردە و فێرکردن وەک بەرپرسی راوێژکاری پەروەردە و فێرکردنی سنە دەست بەکار بوو و هاوکات لە زانکۆی رازی کرماشان وانەی دەگووتەوە و پاشان بۆ تەواوکردنی خوێندنی چووە وڵاتی ئامریکا.

دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەڵانی ئێران دژی رێژیمی دیکتاتۆری پەهلەوی و خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران پەیوەندیی بە حێزبەوە کرد و رۆڵێکی بەرچاوی لە شاری سـنەدا گێڕا.

پاش هێرشی دڕندانەی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر شاری سنە، بە ناچاری رۆیشتە ئیسفەهان و دوای ماوەیەک گەڕایەوە بۆ مەهاباد و تێکەڵ بە ریزەکانی حیزبەوە بوو لەو ماوەیەدا هەموو مەڵک و سامانەکەی لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیرا.

لە سەردەمی خەباتی چەکداری حیزبی دێموکرات بەرپرسی کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی حیزبی دێموکرات بوو بە دەیان مامۆستای شۆڕش لەژێر سەرپەرستی ئەو کاسایەتییە نیشتمانپەروەرە لە گوندەکانی کوردستان وانەیان بە منداڵان دەگووتەوە.

لەو ماوەیەدا کاک کەماڵ ٤ کتێبی کوردی بۆ ٤ ساڵ خوێندنی سەرەتایی نووسی کە بێ گومان وەک بەڵگەنامە و سەرچاوەیەکی گرینگ لێ دەڕواندرێت.

ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی بە هۆی گوشاری رێژیم بۆسەر بنەماڵەی گەڕایەوە بۆ سەقز و دواتر لە گۆڤاری سروە دەستی دایە چالاکی.

ساڵی ١٣٨٠ی هەتاوی جارێکی دیکە یەکێک لە بابەتە زانستییەکانی لە بواری پەروەردەی منداڵان لە وڵاتی ئێران وەک باشترینەکان هەڵبژێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کەماڵ خالیدی دەکات و خۆی لە خەم و پەژارەیاندا بە شەریک و بەشدار دەزانێت.