کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی بەرچاوی مامۆستایانی کورد لە خۆپیشاندانی سەرتاسەری مامۆستایان لە کوردستان و ئێران

17:40 - 28 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: بەڕێووەچوونی کۆبوونەوەی بەرینی ناڕەزایەتیی مامۆستایانی کوردی پارێزگاکانی ئیلام، سنە، کرماشان و ئورمیە نیسبەت بە بارودۆخی مامۆستایان لەگەڵ دژکردەوەی هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیم بەرەوڕوو بووەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، زۆربەی مامۆستایانی پارێزگاکانی ئیلام، سنە، کرماشان و ئورمیە بە شێوەیەکی بەرچاو پێشوازییان لە خۆپیشاندانی سەرتاسەری مامۆستایانی ئیران کرد. مامۆستایانی کورد رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی بە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان، ناڕەزایەتی خۆیان نیسبەت بە بارودۆخی مامۆستایان لە ئێران دەربڕی.

راپۆرتە گەیشتووەکان بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا باس لەوە دەکەن کە مامۆستایانی کورد لە شارەکانی سنە، کرماشان، گیلان‌غەرب، قوروە، مەریوان، بۆکان، سەردەشت، بانە، کامیاران، سەقز، پیرانشار، بیجار، دیواندەرە، ئیلام، سەوڵاوا، ئورمیە، ئەیوان‌غەرب و شارەکانی دیکەی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو لە بەردەم ئیدارەی پەروەردەی ئەو شارانەدا کۆبوونەتەوە و بەم شێوەیە ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر دۆخی مامۆستایان دەربڕیوە.

ئەم خۆپیشاندانە بەرچاوە لەلایەن مامۆستایانەوە بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی بە بارودۆخی نالەباری ژیانی مامۆستایان و ئابووری ئەم توێژی فەرهەنگییەی کۆمەڵگا بەریوەچووە.

پێشوازیی بەرچاوی مامۆستایانی کوردستان لە مانگرتنی سەرتاسەری لە ئێران لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و بەشی حەڕاسەتی ئیدارەی پەروەردە لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ئێران نیسبەت بە مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایانی ئێران دژکردەوەیان نیشان داوە و بە بانگهێشت و هەڕەشە لە مامۆستایانی کوردستان لە هەوڵی پێشگرتن لە پێشوازیی مامۆستایانی کوردستان لە مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان لە ئێران بوون.

لەم پەیوەندییەدا، شەوی چوارشەممە رێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە سەقز لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە، حەسەن رەحیمییان، خالد عەبدوڵلاهی، سلێمان عەبدی، تاهیر قادری، حامد شێخی، عەزیز مەرزی، ئیبراهیم حوسێنی و ئیسمائیل رەیحانی کە لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی سەقزن بۆ ستادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعات بانگهێشت کردووە و نیسبەت بە بەشداری کردنیان لە مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان، هەڕەشەیان لێکردبوون.

پاش بڵاو کردنەوەی راگەیەندراوی مانگرتنی سەرتاسەری لە ئێران، یەكیەتیی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو داوا و ویستە رەوایی مامۆستایان دووپات کردبووە و داوای لە مامۆستانی كوردستانی ئێران کردبوو کە لە مانگرتنی رۆژی ٢٧ی خاكەلێوی ئەمساڵدا شێلگیرانە بەشداری بكەن.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، مامۆستایانی کورد لەگەل مامۆستایانی سەرتاسەری ئێران بە نیشانەی دەربڕینی نارەزایەتی نیسبەت بە بارودۆخی نالەباری ژیانی خۆیان، چەندین جار دەستییان داوەتە مانگرتن و لە ماوەی ئەم خۆپیشاندانە خوازیاری کۆتایی هێنان بە پەراوێز خستن و هەڵاواردنی مامۆستایان و کارمەندەکانی دیکەی دەوڵەت بوون، بەڵام هەتا ئێستا رێژیمی ئێران بە هیج کام لە ویستی مامۆستایان وڵامی نەداوەتەوە.

ئاویەر.ت