کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتی مامۆستایانی سەقز سەرەڕای هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان

14:48 - 29 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: ناڕەزایەتی و مانگرتنی مامۆستایانی شاری سەقز سەرەڕای هەڕەشەی هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، سپای پاسداران و بەسیج بە ڕێوەچوو.
بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، مامۆستایانی قوتابخانەکانی شاری سەقز هاوکات لە گەڵ مامۆستایانی سەرتاسەری ئێران لە ساعت ٩ی سەرلەبەیانی کۆبوونەوەیناڕەزایەتیان بە ڕێوەبرد.

یەکێک لە مامۆستایانی کوردی خەڵکی شاری سەقز لە وتووێژێکدا بە هەواڵنیری ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: ئەم مانگرتنە بە گەرمی لەلایەن مامۆستایانەوە پێشوازی لێکرا.

ئەو مامۆستایە لە درێژەدا جەختی کردووە، زۆربەی مامۆستایان خەڵکی سەقز لەگەڵ بنەماڵەکانیان لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا بەشداریان کردووە و داوای بەدواداچوونی ویستەکانیان بوونە.

ئەم راپۆڕتە باس لەوە دەکات کە لەو خۆپیشاندانەدا هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، سپای پاسداران و بەسیج فیلم و وێنەیان لە مامۆستایانی ناڕازی هەڵ گرتووەتەوە.

بە بەربڵاوتربوونی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی مامۆستایانی سەقز،کاتژمێر ١١و ٣٠ خولەکێک ،مامۆستایان بۆ ماوەی ٥ خولەکێک بێ دەنگیان راگرتو پاشام بەیانیەی ١٧ی خاڵی خۆیان خوێندوە.

لەم راگەیاندراوەدا مامۆستایان داوایان کرد، رێز و پێگەی مەعنووی و کۆمەڵایەتی مامۆستایان دابین بکرێت، زیادکردنی مووچەی مامۆستایان کە کەمتر لە یەک لە سەر سێ راگەیەندراوە وەک هێڵێ هەژاری لەلایەن رێژیمەوە دیاری کراوە، بەرابەرکردنی مووچەی مامۆستیان لەگەڵ کارمەندانی دەوڵەت کە ٥ بەرابەر لەگەڵ یەک جیاوازن،خوێندنی قوتابیان بە زمانی زگماکی و باشترکردنی فەزای ئامووزش و دابینکردنی بوودجەی پێویستی پەروەردە و فێرکردن بە مەبەستی باشترکردنی دۆخی ئامووزشی قوتابیان بە مەبەستی پێشگرتن لە بەرزبوونەوەی بێسەوادی کە سیستمی ئێستاکەی پەروەردە و بارهێنانی لەخۆوە گرتووە لجێبەجێ بکرێت.

ئازاد کرانی مامۆستایانی زیندانی و دابینکردنی بیمەی دەرمانی مامۆستایان و دانی مافی هێڵە سنوورییەکان بە شارە سنوورییەکانی وەک سەقز کە ماوەی چەندین ساڵە لەلایەن حکوومەتەوە وەدوا خراوە لەو بیانیەیەدا جەختی لەسەر کراوە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامی ئێران لە شارستانی سەقز لە ماوەی رۆژانی رابردوو بە مەبەستی هەڕەشە لە مامۆستایان و پێشگرتن لە مانگرتنی سەرتاسەری مامۆساتیان ٨ مامۆستای کوردی بانگهێشتی ئەو ئیدارەیە کرد.

‌ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا،شۆناسی ئەم هەشت مامۆستایەکوردەی، حەسەن رەحیمییان، خالید عەبدوڵڵاهی، سولەیمان عەبدی، تاهیر قادری، حامید شێخی، عەزیز مەرزی، ئیبراهیم حوسێنی و ئیسماعیل ریحانی رایگەیاندووە کە بە هۆی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان هەڕەشەیان لێکراوە.

بە پێی ئەو راپۆرتانەی کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، ئەمرۆ پێنج شەممە رێکەوتی ٢٧ خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، مامۆستایانی شارەکانی سنە،کرماشان، گیلانغەرب، قۆروە، مەریوان، بۆکان، سەردەشت، بانە، کامیاران، سەقز، پیرانشار، بیجار، دیواندەرە، ئیلام، سەوڵاوا، ئورمیە، ئەیوان‌غەرب و لە شارەکانی دیکەی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو لە بەردەم ئیدارەی پەروەردەی شارەکاندا کۆبوونەوە و لە مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایانی ئێران بە شێوەی بەربڵاو پێشوازی لێکرا.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا مامۆستایانی کورد هاوکات لەگەڵ مامۆستایانی سەرتاسەری ئێران بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە باردۆخی نالەباری بەژیوی ژیان و داهاتی خۆیان،بۆ چەندین جار دەستیان داوەتە مانگرتن و ناڕەزایەتی و لە کۆبوونەوانەدا خوازیاری کۆتایی پێ هێنانی هەڵاواردن و نایەکسانی نێوان مامۆستایان و کارمەندانی دیکەی رێژیم بوون،بەڵام تا ئێستا رێژیمی ئێران هیچ کام لەم خواستی ئەو مامۆستایانەی وەڵام نەداوەتەوە.