کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

محەممەد نەزیف قادری: لێدوانەکانی کاڵکان خزمەتی یەکپارچەیی کوردستان ناکات

15:40 - 29 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا بە جەخت‌کردنە سەر ئەوەی کە ئەزموونی باشووری کوردستان بە ئاسانی بە دەست نەهاتووە، رایگەیاندووە کە لێدوانەکانی دۆران کاڵکان خزمەت بە یەکپارچەیی کوردستان ناکەن.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند رۆژ پێش ئێستا دۆران کاڵکان ئەندامی دامەزرێنەر و کۆنسەی بەڕێوەبەری KCK لێدوانێکی لەسەر باشووری کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابوو.

ئەم لێدوانەی دۆران کاڵکان لەگەڵ دژکردەوەی پارتی دێموکراتی کوردستان بەرەوڕوو بووەوە.

لەم پێوەندییەدا، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دێموکراتی کوردستان، وتووێژێکی لەگەڵ محەممەدنەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێک هێنا.

بەپێی ئەو راپۆرتەی کە لە ماڵپەڕی پارتی دێموکراتی کوردستان بڵاو بووەتەوە، محەممەد نەزیف قادری، قسەكانی دۆران كاڵكان بە هێنانەكایەی دۆخێكی نەگونجاوی سیاسی بۆ ئێستای كوردستان دەزانێت و دەڵێت: نابێ لێدوانی لەو شێوەیە دووبارە ببنەوە، چونكە ئەزموونی باشووری كوردستان بە ئاسانی نەهاتووەتە دەست.

ئەم ئەندامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات لە درێژەدا گوتووشیەتی: هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی، بە سیستەمێكی دێموكراتیكی دەزانین و لە هەڵبژاردنێكی گشتی و بە بەشداریی خەڵكی باشووری كوردستان ئەو سیستەمە دیاری كراوە بە بێ ئەوەی هیچ گوشارێك لەسەر شێوازی دیاریكردنی سیستەم هەبێت، بۆیە ئەم لێدوانانەی (دۆران كاڵكان) لەگەڵ ئەم ئەزموونەدا یەك ناگرێتەوە و دەبێت (دۆران) پێش هەموو لایەنەكانی دیكەوە ئەوە بزانێت كە ئەم ئەزموونەی باشووری كوردستان بە ئاسانی نەهاتووەتە دەست تا بە قسەیەك سیستەمەكەی بگۆڕدرێت.

قادری هەروەها لە درێژەی لێدوانەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە ئەم جۆرە قسانەی هاوشێوەی كاڵكان خزمەتی یەكپارچەیی كوردستان ناكات و سەركەوتن لەوەدایە كە لایەنە سیاییەكانی كوردستان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن و یەك ئیدارەی هاوبەش ‌دەربڕی هەموو لایەنەكانی باشووری كوردستان بێت، لە هەمان كاتدا دەستخستنەناو كاروباری پارچەكانی دیكەی كوردستان نادروستە، بۆیە ئەگەر لە هەر بارودۆخێكدا هەر پارچەیەكی كوردستان داوای هاوكاری بكات دەبێت هاوكاری بكرێت، بەڵام پێویستە واقیعی ئەو پارچەیە بخوێندرێتەوە.

محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دەڵێت: داوا دەكەین لێدوانی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە، چونكە بۆ هەموو لایەك وا باشترە نەبنە هۆی ناڕەحەت كردنی هاونیشتمانیانی پارچەكانی دیكەی كوردستان.