کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆشکی سپی: رێژیمی ئێران هەروا لە پشتیوانە سەرەکییەکانی تیرۆریزمە

17:02 - 29 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندووە کە پشتیوانییە هەمەلایەنەکانی رێژیمی ئێران لە تیرۆریزم بەردەوام درێژەی هەیە و ئامریکا نیسبەت بەم مەسەلەیە نیگەرانە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، جاش ئێرنێست لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا جەختی کردووەتەوە کە رێژیمی ئێران بە درێژایی تەمەنی نەوەیەک لە تیرۆریزم پشتیوانی کردووە و هەروەها واشینگتۆن بە بەرپرسانی رێژیمی ئێرانی رایگەیاندووە کە نیسبەت بە پشتیوانیی رێژیمی تاران لە تیرۆریزم لە جێگا جۆراوجۆرەکانی جیهان نیگەرانە.

وتەبێژی کۆشکی سپی لە درێژەدا رایگەیاندووە: دانوستانە ناوکییەکان، نیگەرانییەکانی دەوڵەتی ئامریکا لە بواری تیرۆریزمی دەوڵەتیی رێژیمی ئێران کەمڕەنگ ناکاتەوە و تەنانەت ئەگەر رێژیمی ئێران دانوستانە ناوکییەکان درێژە بدات و لەو بوارەشدا رێک بکەون، رێژیمی ئێران هەروا بە پشتیوانی لە تیرۆریزم درێژە دەدات.

بە وتەی ئێرنێست، بە هۆی پشتیوانیی رێژیمی ئێران لە تیرۆریزم، وتووێژە ئەتۆمییەکان گرینگی زۆرتر پەیدا دەکات، چوونکە ئەگەر رێژیمی ئێران دەستی بە چەک و چۆڵی ئەتۆمی رابگات پشتیوانی لە تیرۆریزم مەترسیدارتر دەبێت.

رێژیمی ئێران جۆزەردانی ساڵی رابردوو لەگەڵ وڵاتانی سووریە، کووبا و سوودان لە لیستەی پشتیوانی لە تیرۆریزم کە هەر ساڵ لەلایەن وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا بڵاو دەکرێتەوە ناوی بەرچاو دەکەوت. رێژیمی ئێران لەم لیستەیە، وەکوو سەرەکیترین رێژیمی پشتیوانی تیرۆریزم ناسێندرابوو.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە راپۆرتی ساڵی ٢٠١٤ی زایینی خۆیدا، رایگەیاندبوو کە لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینیدا پشتیوانی لە تیرۆریزم بە شێوەیەکی کەم وێنە نیسبەت بە ٢٠ ساڵی رابردوو زیاتر بووە.

جاش ئێرنێست هەروەها لەم کۆنفرانسە خەبەرییەدا رایگەیاند: ئابووریی ئێران بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکان زۆر لاواز بووە بەڵام نیشانەیەک لە کەمبوونەوەی پشتیوانیی رێژیمی ئێران لە تیرۆریزم بەتایبەتی پشتیوانی ماڵی نابیندرێت.

هەروەها ناوبراو ئاماژەی بە دەستێوەردان و رۆڵی رێژیمی ئێران لە شەڕی یەمەن و پشتیوانیی رێژیمی ئێران لە حووسیەکان کرد و جەختی کرد کە شەڕی یەمەن دەتوانێت ببێت بە شەڕێکی بەربڵاو لە ناوچەدا.

گادەر.د