کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی حیزبی دێموکرات لە پرسەی دوو کەسایەتیی نیشتمانپەروەری کورد

17:18 - 29 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکرات لە پرسەی دوو کەسایەتیی نیشتمان‌پەروەر و ناسراوی کورد بە ناوەکانی حاجی مەحموود ئاغا و حوسێن ئیبراهیم بەشداری کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنج‌شەممە رێكەوتی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستی چەکۆ رەحیمی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پرسەی حاجی مەحموود ئاغای سەرۆك هۆزی میرئاودەلی لە شاری قەڵادزێ بەشداری كرد.

شاندی حیزب پەیامی هاوخەمی ‌و هاودەردی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی بە بنەماڵە ‌و كەس ‌و كاری حاجی مەحموودئاغا راگەیاند.

حاجی مەحموود ئاغا یەكێك لە دۆستانی دێرین ‌و وەفادار و یارمەتیدەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەگشتی ‌و بە تایبەت حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بوو.

حیزبی دێموكرات یارمەتیدان ‌و پشتیوانی كردنی حاجی ئاغا لە ساڵەكانی ٤٦ – ٤٧ی هەتاوی هەرگیز لەبیر ناكات، بەڕێزەوە دەڕوانێتە رابردووی خوالێخۆش‌بوو بۆیە لە دەستدانی ناوبراو لەو كات ‌و ساتەدا بە خەسارێكی گەورە دزانێت.

هەر هەمان رۆژ شاندی حیزبی دێموکرات بەشداری پرسەی حوسێن ئیبراهیم ئامۆزای رحیم حاجی خدر كەسایەتیی ناسراوی شاری قەڵادزێ ‌و دۆستی حیزبی كرد ‌و پەیامی هاوخەمی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی پێ‌راگەیاندن.

بەپێی ئەم راپۆرتە، شاندی حیزب لەلایەن هەر دوو بنەماڵەوە بە ڕێزەوە وەرگیر ا‌و ئەوانیش سپاس ‌و پێزانینی خۆیان ئاراستەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كرد.