کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هاووڵاتیی کورد بە تەقەی راستەخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیم کوژران

21:28 - 29 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەقز و سەوڵاوا، بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەقز و سەوڵاوا لە دوو رووداوی جیاواز بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کوژراو و بریندار بوون.

ئاژانسی کوردپا لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە کە هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران لە سێ‌ڕێیانی شاری نەهاوەند لە پارێزگای هەمەدان بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ، ماشێنی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی تفێن سەر بە شاری سنە بە ناوی فەرهەنگـیان داوەتە بەر تەقە و برینداریان کردووە.

ئەم هاوووڵاتییە کوردە کە دانیشتووی شاری سنەیە، هەنووکە لە بەشی پێڕاگەییشتنی تایبەتی (مراقبت‌های ویژە) نەخۆشخانەی شاری نەهاوەند لە ژێر چاوەدێری پزشکیدایە و بارودۆخی تەندروستیی ناجێگیر راگەیاندراوە.

لەم پەیوەندییەدا، هاووڵاتییەکی کوردی دیکە تەمەن ٢٠ ساڵەی خەڵکی گوندی مەلاسالار سەر بە بەخشی زێویەی سەقز بە ناوی ئەبووبەکر، لە جاددەی سەقز- دیواندەرە، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە پاسگای ئێرانشا، تەقەی لێکراوە و بەو هۆیەوە کوژراوە.

تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئێران و هەروەها راوەدوونانی ئەوان لە جاددەکانی کوردستان ساڵانە کوژران و برینداربوونی دەیان هاووڵاتیی کوردی لێ دەکەوێتەوە.

هێزەکانی رێژیم بەردەوام بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ هاووڵاتییانی کورد دەدەنە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی گولـلە و ئەمە لە حاڵێکدایە کە زۆربەی ئەو کەسانە هیچ کەلوپەلێکی قاچاخیان پێ نییە.

بە پشت بەستن بە ئامارە بڵاو کراوەکان لەلایەن ئاژانسی کوردپاوە، تەقەی راستە وخۆی هێزەکانی رێژیمی ئێران لە هاووڵاتییانی مەدەنی لە ماوەی ساڵی رابردوودا، ٦٤ کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

ئەم ئامارانە دەرخەری ئەوەن کە لەو ٦٤ هاووڵاتییە مەدەنیە کوردە کە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێرانەوە لە جادەەکان و رێگەوبانەکانی کوردستان کەوتوونەتە بەر تەقە‌ی راستەخۆ،٢٠ کەسیان کوژراو و ٤٤ هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون.