کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمەوە دەستبەسەر کرا

22:16 - 29 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: چالاکێکی مەدەنیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار راگوێزرا.

کەمپەینی بەرگری لە زیندانییانی سیاسی و مەدەنی لە راپۆرتێکدا باسی لە سەر دەستبەسەر کردنی بەدیع حوسێن‌پەناهی چالاکی مەدەنی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە لە دێگولان کردووە.

ئەم سەرچاوە هەواڵدەرییە بڵاوی کردووەتەوە کە هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێران، رۆژی رابردوو رێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، بەدیع حوسێن‌پەناهی لە ماڵی باوکی لە گوندی قڕووچای سەر بە ناوچەی دێگولان دەستبەسەر و دوابەدوای ئەوە بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە.
10647.jpg
بەدیع حوسێن‌پەناهی

بەپێی ئەم راپۆرتە، هیزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێران وێڕای رانەگەیاندنی هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە بە بنەماڵەکەی، ماڵی باوکی ئەم هاووڵاتییە کوردەیان پشکنیوە و هەروەها دەستیان بە سەر کەلوپەلی ئەم هاوڵاتییە کوردەدا داگرتووە.

بەدیع حوسێن‌پەناهی، چالاکی مەدەنی کورد بۆ جاری یەکەم لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و یەک ساڵ لە زیندانی قوروە بوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش ئازاد بوونی لە زیندان، سەرەتای رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی، لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانی بەندەری کیشەوە دەستبەسەر و پاش چەند مانگ بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرابوو.

ئامارە بڵاوکراوەکان لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپاوە باس لە دەستبەسەر کردنی ٤١٥ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەکات.