کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران و هەڵوێستەکانی رۆژئاوا

15:56 - 30 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: بەرنامە و چالاکییە ناوکییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوام درێژەی هەیە و لەو پەیوەندییەدا وڵاتانی رۆژئاوا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا گەمارۆ ئابوورییەکانی پەسند کراو دژی ئەو رێژیمەیان لانەبردووە و لە ئەگەری درێژەدان بە چالاکییە ناوکییەکان بژاردەی نیزامی دژی ئەو رێژیمە بە کار دێنن.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرنامەی ناوکی رێژیمی ئێران لە ساڵی ٢٠٠٢ی زایینیەوە سەرنجی وڵاتانی زلهێزی جیهانی بۆ لای خۆی راکێشاوە و لە ماوەیەدا دوو بنکەی ناوکیی شاراوە لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئاشکرا کران.

یەکێک لەو دامەزراوە ژێرزەوییانە بنکەی نەتەز و یەکێکی دیکە رئاکتۆری ئاوی قورسی ئەراک بوو کە توانای بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆمی لە ئاستی زۆردا هەیە.

چالاکییە ئەتۆمییە شاراوەکانی رێژیمی ئێران لە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی، درێژەی هەبووە و وڵاتانی رۆژئاوا و ناوچە لە بەکارهێنانی نیزامیی چالاکییە ناوکییەکانی رێژیمی ئێران نیگەرانن.

محەممەد ئەلبەرادەعی، سەرۆکی ئەو کاتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و عەلی ئەکبەر ساڵحی، نوێنەری رێژیمی ئێران لە ڤییەن لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی، تەفاهوم‌نامەیەکی لەگەڵ تاران واژۆ کرد کە بەپێی ئەو تەفاهومە ئاژانسی نێودەوڵەتیی دەیتوانی پشکنینی بنکە ناوکییەکانی ئێران بکات.

لە ساڵی ٢٠٠٥ی زایینیدا، رێژیمی ئێران رێکەوتنی خۆی لەگەڵ سێ وڵاتی ئورووپایی کۆتایی پێ هێنا و پیتاندنی ئورانیۆمی لە دامەزراوەکانی ئیسفەهان دەست پێ کرد.

لە مانگی ئاوریلی ساڵی ٢٠٠٦ی زایینی، سەرکۆماری ئەو کاتی رێژیمی ئێران مەحموود ئەحمەدی‌نژاد رایگەیاند، کە وڵاتەکەی پەیوەست بەو وڵاتانە بووە کە وزەی ناوکییان هەیە و توانای بەرهەمهێنانی ئورانیۆمی پیتاندنکراوی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگە ناوکییەکانی هەیە.

پێشتریش شۆرای ئەمنییەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ئێران کردبوو، پیتاندنی ئورانیۆم کۆتایی پێ بێنێت کە ئێران ئەو پێشنیارەی رەت کردبووە.

لە مانگی دیسامبری ساڵی ٢٠٠٦ی زایینی، شۆرای ئەمنییەت بە زۆرترین دەنگی ئەرێنی، خولی یەکەمی گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی رێژیمی ئێران پەسند کرد. بەپێی ئەو بڕیارە فرۆشتنی هەر جۆرە تکنۆلۆژیەک کە رێژیمی ئێران بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە تکنیکی ناوکی یا چەکی نیزامی ئاسان بکاتەوە قەدەغەکراو راگەیاند.

گەمارۆ ئابوورییەکان ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر دژی رێژیمی تاران پەسند دەکرێت و لە ساڵی ٢٠١٠ی زایینی‌دا مەحموود ئەحمەدی‌نژاد بڕیاری دا ئۆرانیۆمی بە خەستی لەسەدا ٢٠ بەرهەم بێنن، لە ساڵی ٢٠١٢ی زایینی‌دا، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند کە رێژیمی ئێران دەستی بە١١٠ کیلۆ ئۆرانیۆم، نیوەی مەوادی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی گەیوە.

رێکەوتی ٢٤ی نوامبری ساڵی ٢٠١٣ی زایینی، رێژیمی ئێران و گرووپی ١+٥ پێکهاتوو لە وڵاتانی ئامریکا، رووسیە، چین، فەرانسە، ئینگلستان و ئاڵمان لە ژنێڤ رێکەوتن کە بۆ دیتنەوەی رێگا چارەیەک لەمەڕ مەسەلەی ناوکی دانوستان بکەن کە دواتر دانوستانەکان درێژ کرانەوە.
رێکەوتی ١٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی لە دانوستانی لۆزان دوای دانیشتنێکی چەند رۆژە، رێژیمی ئێران و گرووپی ٥+١ بە ئاکام گەیشتن کە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران دەبێ لەژێر چاودێری رێکخراوی وزەی ناوکی بێت.

دوای تەفاهومی لۆزان زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا و ئامریکا نیگەرانی خۆیان نیسبەت بەو تەفاهوم‌نامەیە دەربڕی و ئاکامی دانوستانەکانیان بە قازانجی رێژیمی ئێران و رێگا خۆشکردنی ئەو رێژیمە بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە بۆمبی ئەتۆمی لە قەڵەم دا.

کۆنگرەی ئامریکا لەو پەیوەندییەدا گەڵاڵەی نوێی گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی رێژیمی ئێران ئامادە کردووە و لەسەر قورسترکردنی گەمارۆکان پێداگری دەکات.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی باڵای نیزامیی ئامریکا باس لە بەکارهێنانی بژاردەی نیزامی دژی ئەو رێژیمە دەکەن.

کارناسانی سیاسی لەو باوەڕەدان کە رێژیمی ئێران چالاکییە ناوکییەکانی خۆی درێژە پێداوە و بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە بۆمبی ئەتۆمی هەوڵ دەدات و لە ئەگەری دەستپێڕاگەیشتنی رێژیمی ئێران بە جەکی ئەتۆمی سەقامگیری ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش دەخاتە مەترسییەوە.

ماوەیەک پێش ئێستا ژناڵ مارتین دێمپسی، بەرپرسی ستادی هاوبەشی ئەرتەشی ئامریکا رایگەیاند ئەگەر دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران بە هیچ ئەنجامێک نەگات بژاردەی نیزامی بە کار دێنین، ئەو وتانەی دێمپسی لە حاڵێکدایە کە مۆسکۆ بڕیاری داوە سامانەی مووشەکی ئێس ــ ٣٠٠ رادەستی رێژیمی ئێران بکات.

لەو پەیوەندییەدا جاش ئێرنێست وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندوە، بە هۆی پشتیوانیی رێژیمی ئێران لە تیرۆریزم، وتووێژە ئەتۆمییەکان گرینگی زۆرتر پەیدا دەکات، چوونکە ئەگەر رێژیمی ئێران دەستی بە چەک و چۆڵی ئەتۆمی رابگات پشتیوانی لە تیرۆریزم مەترسیدارتر دەبێت.

دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و چالاکییە ناوکییەکانی رێژیمی ئێران بووەتە هۆی نیگەرانی وڵاتانی رۆژئاوا و چوونکە دەستێوەردانە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران دەبێتە هۆی شەڕهەڵاسایندن و پەرەگرتنی ئەو شەرە لە ناوچەکەدا.

گادەر. د