کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشار ئەسەد ٩٠ جار لە گازە ژەهراوییەکان کەڵکی وەرگرتووە

17:48 - 30 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: رێژیمی بەشار ئەسەد لە ماوەی ٢ ساڵی رابردوودا ٩٠ جار لە گازە ژەهراوییەکان بە دژی میلیشاکان کەڵکی وەرگرتووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پشت‌بەستن بە راپۆرتەکانی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، رێژیمی بەشار ئەسەد بە شێوەی بەردەوام پێشێلکاری مافی مرۆڤ کردووە و لە ماوەی ئەم چەند ساڵەداد ٩٠ جار لە چەکی کۆمەڵکوژ کەڵکی وەرگرتووە.

لەم پەیوەندییەدا چاوەدێرانی مافی مرۆڤی سووریە رایانگەیاندووە، بڕیارنامەی یاسای قەدەغە کردنی چەک‌وچۆڵی کۆمەڵکوژی کە لەلایەن شۆرای ئەمنییەتەوە پەسند کراوە و بڕیار بووە کە چەک‌وچۆڵی بەشار ئەسەد کۆکرێتەوە و بەکاری نەهێنێت، بەڵام رێژیمی بەشار ئەسەد بە شێوەی بەردەوام یاسا قەدەغەکراوەکان، نیسبەت بە بەکارهێنانی گازە ژەهراوییەکان و چەک‌وچۆڵی کۆمەڵکوژی پێشێل دەکات.

راپۆرتەکان دەرخەری ئەوەن کە رێژیمی بەشار ئەسەد ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی گرووپی ئۆپۆزیسیۆنە بە بۆمبی بۆشکەیی و ژەهراوی بومباران دەکات.

هەروەها چاودێرانی مافی مرۆڤی سووریە رایانگەیاندووە، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا رێژیمی بەشار ئەسەد زیاتر لە ٥٠ جار بڕیارنامەی شۆڕای ئەمنییەتی پێشێل کردووە و زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس بریندار بوونە کە ١٣ منداڵ گیانیان لە دەست داوە.

پێشتریش رێژیمی بەشار ئەسەد چەندین جار کەڵکی لە گازە ژەهراوییەکان وەرگرتبوو کە رێژیمی ئێرانیش لەو جەنایەتەدا هاوکاریی رێژیمی بەشار ئەسەدی کردبوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا دوای تێپەڕبوونی ٤ ساڵ لە دەستپێکی شەڕی نێوخۆیی سووریە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا جەختی کردووەتەوە بەرەنگاربوونەوە دژی داعش لە سووریە بێ ئاکام ماوەتەوە و هۆکاری ئەوەشی بۆ سیاسەتی پشتی پەردەی رێژیمی ئەسەد گەڕاندووەتەوە و رایگەیاند، لەمە بەدواوە بەدوای ئەوەیە کە بارودۆخەکە لە سووریە بگۆڕێت و لەسەر کار لابردنی ئەسەد ستراتیژی تازەی ئەو وڵاتە پێک دێنێت.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەراوردی کردووە کە نزیک بە ٢٠٠ هەزار کەس لە ماوەی ٤ ساڵی رابردوودا کوژراون و نزیک بە ١١ میلیۆن خەڵکی سووریە واتا نیوەی حەشیمەتی ئەو وڵاتە بەناچار ماڵ‌ و سامانەکانیان بەجێ هێشتووە.
هەروەها بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ناوەندی تۆمارکردنی حاڵەتەکانی توندوتیژی لە سووریە و چاودێرانی مافی مرۆڤی سووریە، لانیکەم ٨٥ هەزار سووری بەشێوی سەرەڕۆیانە لەلایەن رێژیمی بەشار ئەسەد لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا دەستبەسەر کراون و هەنووکە لە زیندانەکان لە دۆخێکی نالەباردا دەژین.

هەروەها لە سەرەتای شەڕی نێوخۆیی سووریەوە تا ئێستا ٢ هەزار و ٦٠٠ کەس بێ سەروشوێن کەوتوون و هێشتا چارەنووسیان نادیارە.

رووسیە و رێژیمی ئێران لە پشتیوانانی سەرەکی رێژیمی سووریەن کە دژبەرانی بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لە گازە ژەهراویەکان کەڵکیان وەرگرتووە و رێژیمی ئێرانیش بە پشتیوانی ماڵی، مرۆیی و نیزامی پێش لە رووخانی رێژیمی ئەسەد دەگرێت.