کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مارک کرێک: رێژیمی ئێران گەورەترین تێکدەری ئاسایشی جیهانە

21:28 - 30 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: سێناتۆر مارک کرێک رایگەیاندووە، پێشگرتن بە دەستپێڕاگەیشتنی رێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی بۆ دەستەبەر بوونی ئاسایشی جیهان پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە.

بە پێی راپۆرتی بڵاڤۆکی هیل سەر بە کونگرەی ئامریکا، مارک کرێک سێناتۆری کۆماریخواز رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوەی رایگەیاندووە کە پێشگرتن بە دەستپێڕاگەیشتنی رێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی بۆ دەستەبەربوونی ئاسایشی جیهان پێویستە و ئێمە دەبێ لە دزە تیرۆریستەکان بە ئامریکا و هاوپەیمانانمان پێش بگرین.

مارک کرێک هەروەها لە درێژەدا جەختی کردەوە: لابردنی هەمە لایەنانەی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران بە مانای دابینکردنی ماڵیی گرووپە تیرۆریستییەکانە کە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت.

ئەم سێناتۆرە کۆماریخوازە رایگەیاندووە: رێژیمی ئێران هەوڵی داوە کە لەو بەڵێنانەی کە بە دەوڵەتی باراک ئۆبامای داوە پاشەکشە بکات و خوازیاری لابردنی هەمووی گەمارۆ ئابوورییەکانە.

ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی بەوە داوە کە رێژیمی ئێران وەک گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزم لە جیهان هەوڵ دەدات کە دەستی بە چەکی ئەتۆمی رابگات.

سێناتۆر کرێک و مێنێندز دوو سێناتۆری کۆماریخوازی کونگرەی ئامریکا گەڵاڵەیەکی نوێیان بۆ چڕتر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێرانیان دارشتووە و بەپێی ئەو گەڵاڵەیە لە ئەگەری رێک نەکەوتنی رێژیمی ئێران و گرووپی ١+٥ هەتا کۆتایی مانگی ژوئەن، گەمارۆی نوێ بە دژی ریژیمی ئیران پەسند دەکرێت.