کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤.٥ میلیۆن دەرچووی زانکۆ لە ئێران بێکارن

16:40 - 27 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: بە پێی دان پێدانانی وەزیری کاری رێژیمی ئێران، دەرچوانی زانکۆ حەشیمەتی ٤.٥ میلیۆن کەس لە بێکارانی ئێرانی پێک هێناوە و ئەم رێژەیەش هەروا روو لە زێدەبوون دایە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئامارە فەرمییەکانی رێژیمی ئێران کە لەلایەن ناوەندی ئامارەوە بڵاو کراونەتەوە نیشان دەدەن کە هەنووکە لانیکەم ٤.٥ میلیۆن دەرچووی زانکۆ لە وڵاتی ئێراندا بێکارن.

وەزیری کاری رێژیمی ئێران لەو پێوەندییەدا بە پشت‌بەستن بە ئامارە فەرمییەکان رایگەیاندووە، زیاتر لە ٤.٥ میلیۆن دەرچووی زانکۆ لە ئێران بێکارن و ئەو رێژەیەش بەردەوام رووی لە زیادبوونە.

دۆخی نالەباری ئابووری لە ئێران بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا و ئورووپا، داخرانی کارخانە، کارگە و یەکە بەرهەمهێنەرەکان لە وڵاتی ئێران و بەتایبەت کوردستانی ئێرانی بەدواوە بووە.

ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتوانی ئێران، ئامارە بڵاو کراوەکان لەلایەن رێژیمی ئێران وەک ئاماری بێکاری نادروست لەقەڵەم دەدەن و لەسەر ئەو باوەڕەدان کە ئێستا نزیک بە ١٠ میلیۆن لە هاووڵاتییانی ئێرانی کە لانیکەم ٥ میلیۆن کەسیان خوێندن لە زانکۆیان تەواو کردووە، بێکارن، بەڵام بە هۆی نەبوونی ناوەندێکی سەربەخۆ بۆ ئامارگیری، ئاماری راست بڵاو ناکرێتەوە.

نەبوونی کار بۆ دەرچووانی زانستگەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە ساڵانە زیاتر لە ١ میلیۆن کەس بە رێژەی بێکاران لە ئێراندا زیاد ببێت و ئەمەش وای کردووە کە هەڵاتنی مێشکەکان لە ئێراندا روو لە زیاد بوون بکات.

ئێستا رێژیمی ئێران لە بواری هەڵاتنی مێشکەکان و بەتایبەت دەرچوانی زانستگەکان پلەی یەکەمی لە جیهاندا هەیە.

کازیوە.ر