کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چۆڵ‌بوونی چوار گوندی پارێزگای ئیلام بە هۆی تەپ‌وتۆزی کارخانە سیمانی ئیلام

21:37 - 31 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: دانیشتوانی کوردی ٤ گوندی پارێزگای ئیلام بە هۆی تەپ‌وتۆزی کارخانەی سیمان گوندەکانیان چۆڵ دەکەن.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە هۆی ناستانداردیی کارخانە سیمان پارێزگای ئیلام چوار گوند بە ناوەکانی کانی خەزان، کانی پان، سەراو کارزان و قەنات کە لە دەورووبەری ئەو کارخانە هەڵکەوتوون بە هۆی تەپ‌وتۆزی لە رادەبەدەری ئەو کارخانەیە چۆڵ دەکرێن.

ئەوه لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئەو کارخانەی رێژیم باس لەوە دەکەن کە ئەو کارخانە بەپێی پێوەری ستاندارد دروست کراوە.

دانیشتوانی ئەو چوار گوندە، نەبوونی کۆنتڕۆڵ و چاوەدێریی بەرپرسانی پەیوەندیدار لەسەر ئەو کارخانەیە هۆکاری سەرەکی ئەو کێشەیە دەزانن.

لەو پەویوەندییەدا یەکێک لە دانیشتوانی گوندی قەنات رایگەیاندووە: لە سێ وەرزی ساڵدا تەپ‌وتۆز دەگاتە ئەوپەری خۆی، بە شێوەیەک کە لە وەرزی هاویندا، کاتێک کە گەرمیی هەوا هەتا نزیک ٥٠ پلە بەرز دەبێتەوە ، بەرق ببڕێت و ئامێرەکانی فێنک کەرەوە کار نەکەن، لەبەر تەپ‌وتۆز ناکرێ لە حەوەشە دابنیشین.

پێشتریش دانیشتوانی گوندی بەخشی کارزان نیسبەت بەو دۆخە نارەزایەتییان دەربڕیوە بەڵام لەلایەن بەرپرسانی رێژیمەوە هەتا ئێستا هیچ وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.

سەرەڕای ئەوەش بەرپرسانی ئەو کارخانەیە زۆربەی کرێکارانی خۆجێی ئەو کارخانەیان لەسەر کارەکانیان دەرکردووە.

ئەو کارخانەیە لە ٢٠ کیلۆمیتری باکووری ئیلام هەڵکەوتووە لەژێر چاودێریی بونیادی موستەزعەفان کە یەکێک لە ئۆرگانە بەرزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانە کار دەکات.