کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/ بەڕێوەچوونی سێمینارێکی تایبەت بە تێرۆریزمی نێودەوڵەتیی رێژیمی ئێران

14:37 - 1 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: سێمینارێکی تایبەت بە تێرۆریزمی نێودەوڵەتیی رێژیمی ئێران و تێرورەکانی ئەو رێژیمە لە وڵاتیسوید بەڕێوە چوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆمیتەی ستۆکهۆڵمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سێمینارێکی بۆ ئۆسکار هێدین رۆژنامەوان و دەرهێنەری بەناوبانگی سویدی وماگنوس نۆرێل لێکۆلەری تێرۆریزم و راوێژکاری باڵا لە دامەزراوەیThe European Foundation for Democracy – Brussels سویدی سەبارەت بە یادکردنەوە لە سێ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بەدەستی رێژیمی ئیسلامی ئێران لە ساڵەکانی دەیەی نەوەدی زایینی لە وڵاتی سوید تێرۆر کرابوون، پێک هێنا.
سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی کۆمیتەی ستۆکهۆڵمی حیزبی دێموکرات لەلایەن ئاسۆ ساڵح خوێندرایەوە.

ئاسۆ ساڵح لە پەیامەکەیدا وتی: هەوڵەکانی رێژیمی ئێرانی سەبارەت بە کپ کردنی دەنگی جیابیران و دژبەرانی ئەو رێژیمە سنوورەکانی ئێرانی بەزاندووە و خۆی لە خانەی تێرۆریزمی نێودەوڵەتیدا دەبینێتەوە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو تێرۆرانەی کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دەرەوەی وڵات ئەنجامی داون و تێیدا چالاکانی سیاسی و فەرهەنگی نەتەوەکانی ئێران تێرۆر کردووە و یەک لەوان نەتەوەی کوردە کە بووەتە قوربانی.

پاشان لەو سێمینارەدا کورتەیەک لە فیلمی دۆکۆمێنتاری کۆماندۆی تێرۆر پیشان درا.
ئەو فیلمە بەڵگەی روونە لەسەر ئەو تێرۆرانە و دەیسەلمێنێت کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پشتی ئەو تیرۆرانەوە بووە.

دواتر هەریەک لە ئۆسکار هێدین و ماگنوس نۆرێل باسەکانی خۆیان پێشکەش کرد.

ئۆسکار هێدین رۆژنامەوان و دەرهێنەری بەناوبانگی سویدی، باسێکی لەسەر پرۆژەکەی خۆی واتە فیلمی کۆماندۆی تیرۆر Terrorkommandot پێشکەش کرد.

کۆماندۆی تیرۆر فیلمێکی بەڵگەییە، لەسەر تێرۆر کردنی چالاکانی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، بەتایبەت ئەندامانی حدکا لە وڵاتی سوید بەدەستی تیرۆریستانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کە لە ساڵی ٢٠٠٢ی زایینی دا دروست کراوە.

ئۆسکار لەسەر ئەوەی چۆن بابەتی تێرۆر کردنی چالاکانی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە سوید سەرنجی راکێشاوە، وتی کاتێک هەستم بەوە کرد کە چالاکانی سیاسی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هەست بە مەترسیی دەکەن لە وڵاتێکی دێموکراتیک و ئازادی وەک سوید دا، بڕیارمدا لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتە بکەم و ئەم بابەتە گرینگە و مەترسییەکانی بخەمە بەر چاو.

ناوبراو وتی پاش لێکۆڵینەوەکەم لەسەر ئەم بابەتە، بەو ئاکامە گەیشتم کە حکوومەتی دێموکراتیکی سوید نەیتوانیوە ئەو چالاکانی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بپارێزێت.

دواتر ماگنوس نۆرێل لێکۆڵەری تیرۆریزم و راوێژکاری باڵا لە دامەزراوەی The European Foundation for Democracy – Brussels بە گوێرەی ئەزموون و لێکۆڵینەوەکانی خۆی باسێکی لەسەر تیرۆریزمی نێودەوڵەتیی رێژیمی ئێران پێشکەش کرد.

ماگنوس نۆرێل سەرەتا باسی لەوە کرد کە دەوڵەتی سوید نەیتوانیوە ئاسایش بۆ ئەو چالاکە سیاسیانە دابین بکات و وتی ئەو مەترسییە تا ئەوڕۆش هەر لە سوید بەردەوامە.

ماگنوس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پێی وابوو کە مەترسیی هەرە گەورەی ئەمڕۆ لەسەر سوید و هەموو وڵاتانی رۆژئاوا، ئایینی سیاسیی و بەتایبەت ئیسلامی سیاسیی و توندڕەوی ئایینیە.

ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئایین و سیاسەت لە هەر بڕگەیەکی مێژووییدا تێکەڵ کرابن، ئاکامەکەی مەترسیدار بووە.

ماگنوس بۆ سەلماندنی قسەکانی رۆیشتنەوەی دانیشتووانی سوید و بەتایبەت لاوانی وەک نموونەیەک هێنایەوە کە دەڕۆنەوە بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوندی بە گرووپە تیرۆریستەکان و یەک لەوان، دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام داعشـەوە دەگرن.

ماگنوس لە بڕگەیەکی دیکەی باسەکەیدا ئاماژەی بە رێک کەوتنی وڵاتانی ٥+١ و ئێرانی کرد و وتی من بەهیچ شێوەیەک بەو رێکەوتنەی ئێران گەشبین نییم و پێم وا نییە ئەوە هیچ ئاڵوگۆڕێکی سیاسیی لە ئێراندا پێک بهێنێت، چونکە رێکەوتننامەکە تەنیا جەخت لەسەر پرسی ناوەکی ئێران دەکاتەوە و بایەخ بە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە تاکەکەسییەکان نادا و مافی نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێران دەخاتە پەراوێزەوە.

لە بەشی کۆتایی سێمینارەکەدا دەرفەت درا بە بەشداربووان بۆ دەربڕینی راوبۆچوونەکانیان سەبارەت بە قسە و باسی ماگنوس و ئۆسکار و لەلایەن هەر دوو ناوبراوەوە وڵام درانەوە.

لە ساڵەکانی نەوەدی زایینیدا چەندین هەوڵی تێرۆریستی لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە وڵاتی سوید لەسەر چالاکانی سیاسی کورد و ئێرانی ئەنجام دراوە کە لەو ماوەیەدا لە سێ هەوڵی جیاوازدا سێ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی شەهیدان کامەران هیدایەتی، عیفەت قازی و کەریم محەممەدی دانیشتووی وڵاتی سوید، تیرۆر دەکرێن.

دوای ئەو تێرۆرە لەلایەن حکوومەتی سویدەوە نەک هەر هیچ بڕیارێک بۆ ناساندن و دۆزینەوەی تاوانباران نەدرا، بەڵکو تا رادەیەکیش تاوانەکان پەردەپۆش کران.

کازیوە.ر