کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٩ شاری کرماشان لەگەڵ کێشەی بێ ئاوی بەرەوڕوون

16:26 - 1 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: کێشەی کەم ئاوی لە گوندەکانی کوردستانی ئێران بەردەوام درێژەی هەیە و هەنووکە ئەو کێشەیە بەرۆکی زیاتر لە ٩ شاری پارێزگای کرماشانی گرتووەتەوە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان و لە زاری بەرپرسی گشتیی ئاو و فازڵاوی رێژیمی ئێران کە کرماشان، زیاتر لە ٩ شاری پارێزگای کرماشان لەگەڵ کێشەی بێ ئاوی بەرەوڕوون.

هەروەها، دۆخی شاری بانە لە بواری پاشکەوتی ئاوی خواردەنەوەی لە دۆخێکی زۆر نالەبار دایە و جیرەبەندی ئاو وەکوو دۆزینەوەی رێگا چارەیەک بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی شار و تەنانەت گوندەکان وەڵامدەر نییە

بە وتەی یەکێک لە بەرپرسانی رێژیم لە پاریزگای کرماشان ٩ شاری ئەو پارێزگایە بە گشتی کێشەی کەم ئاویان هەیە کە دۆخی ٥٠٠ گوند زۆر نالەبارە.

ماوەی چەند ساڵە كە هاووڵاتییانی پارێزگای کرماشان لەگەڵ كەمی ئاوی خواردنەوە بەرەوڕوونە بەڵام ئەمساڵ ئەم کێشەیە بەشێوەیەكی جیددی بەرۆکی هاووڵاتیانی گرتووەتەوە و و گەیشتووەتە هێڵی سوور.

گوندەکانی پارێزگای کرماشان و ئیلام لەگەڵ کێشەی بێ ئاوی بەرەوڕوو بوونەتەوە و بەهۆی کەڵک وەرگرتنی ناستاندارد لە ئاو لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا و چارەسەرنەکردنی ئەو کێشەیە لەلایەن بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و بنکەی پەیوەندیدارەکانەوە، ئەو کێشەیە بووەتە هۆکاری سەرەکیی کۆچ کردنی خەڵک لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان و کۆمەڵێک کێشەی بەدواوە بووە.
کوردستانی ئێران یەکێک لە ناوچە پڕ ئاوییەکانی ئێران هەژمار دەکرێت و بەهۆی نەبوونی بەڕێوەبەرایەتی بەرپرسانی رێژیم و دروستکردنی نایاسایی بەنداوەکان و بردنی ئاو بۆ پارێزگاکانی دیکە بووەتە هۆکاری ئەوە کوردستان تووشی کەم ئاوی بێت.

دروستکردنی بەنداوی ناستاندارد، دروستکردنی بەنداوی لەڕادەبەدەر، هەڵکەندنی چاڵاو لەلایەن کەسانی هەلپەرەست لەگەڵ مۆڵەتی ئیدارەکانی رێژیمی ئیسلامیی، نەبوونی کاناڵەکانی ستانداری ئاو و کەمیی پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوەی پێویست بەو بەشە، لەو هۆکارانەن کە کوردستانی لەگەڵ کێشەی کەم‌ئاوی و بێ‌ئاویی بەرچاو بەرەوڕوو کردووە.

کازیوە.ر