کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرەڕای پێویستی بە پێڕاگەیشتنی پزیشکی، زیندانییەکی سیاسی کورد لە مەرەخەسی بێ بەری کراوە

14:52 - 3 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: دادوەری میناب لە پێدانی مەرەخەسی بە محەممەدحوسێن رەزایی زیندانیی سیاسیی کورد بۆ چارەسەری پزیشکی دژایەتی دەربڕی.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کانوونی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان، محەممەد حوسێن رەزایی زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی میناب رێکەوتی ١٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، سەرەڕای ئەوەیکە پزشکی ناوبراو رایگەیاندبوو، دەبێت بۆ ماوەی سێ مانگ لە دەرەوەی زیندان ئیستراحەت بکات، بەڵام مەرەخەسیان بە ناوبراو نەداوە و رۆژی شەممە رێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی دوای نەشتەرگەری بۆ زیندانی میناب گەڕێندراوەتەوە و دادوەری میناب و پزشکی یاسایی میناب لە پێدانی مەرەخەسی بە ناوبراو دژایەتییان دەربڕیوە.

دەوترێت کە ئەم زیندانییە سیاسییە خوازیاری ئەوە بووە کە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەی لە دەرەوەی زیندان بێت و ماوەی حووکمەکەی لە نەخۆشخانە تێپەڕ بکات.

10669.jpg
محەممەد حوسێن رەزایی پێشتر لەلایەن مەئمورانی سپای پاسدارانی رێژیمەوە کەوتووەتە بەر گوللە و بە توندی بریندار بووە

هەروەها پێشتریش ئیستراحەتی سێ مانگەی دوور لە زیندان لەلایەن پزشکی یاسایی و پزشکی نەخۆشخانەی بەندەرعەباس بۆ ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە بڕابوویەوە، بەڵام دادوەری میناب دژایەتی لەگەڵ ئەو بڕیارە کردووە.

محەممەد حوسێن رەزایی کاتی دەستبەسەر کردنی لەلایەن مەئمورانی سپای پاسدارانی رێژیمەوە کەوتووەتە بەر گوللە و بە توندی بریندار بووە و هەتا ئێستا چارەسەری پزشکی بۆ نەکراوە.

ئەم چالاکە سیاسییە کوردە جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی، بە تۆمەتی ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە شاری سنە دەستبەسەر کراوە و لە گەلاوێژی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە بە ٤٥ ساڵ زیندانی و دوور خستنەوە بۆ زیندانی میناب مەحکووم کراوە.

کازیوە.ر