کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە کۆنفرانسی حیزبی کرێکارانی نوروێژ بەشداریی کرد

16:18 - 3 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی عەزیم ئەلیاسی، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە نوروێژ، لە سەر بانگهێشتی فەرمیی حیزبی کرێکارانی نوروێژ لە کۆنفراسێکی ئەو حیزبەدا لە نوروێژ بەشداریی کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەسەر بانگهێشتی فەرمی حیزبی کرێکارانی نوروێژ، هەیئەتێکی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نوروێژ بە سەرپەرەستی عەزیم ئەلیاسی بەرپرسی پەیوەندییەکان لە ٦٥مین کۆنگرەی ئەم حیزبەدا بەشداریی کرد.

ئەم کۆنگرەیە کە ماوەی چوار رۆژی خایاند، لە رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی دەستی پێکرد و رۆژی یەکشەمە رێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆتایی پێهات.

جگە لە کارە ئاسییەکان، کۆنگرە بەشێکی بەرچاوی کارەکانی بۆ باسکردن لەسەر هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و هەروەها ئالۆزییەکانی جیهان و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەرخان کردبوو.

لە پەراوێزی دانیشتنەکانی کۆنگرەدا، رۆژی هەینی سێمینارێکی تایبەت بە میوانە بیانییەکان رێکخرا و تیشکییان خستە سەر گرفتە ناوچەیی و جیهانییەکان و سیاسەتی حیزبی کرێکاران بۆ مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەم گرفتانە کە لەلایەن Anniken Huitfelt ئانیکن هویتفلت بەرپرسی کۆمیتەی کاروباری دەرەوە و بەرگری پارڵمان بەڕیوەچوو.

لەم سێمینارەدا نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسی لە رێژیمی ئیسلامیی ئێران و دەستێوەردانەکانی لە کاروباری وڵاتانی سووریە، عێراق، یەمەن، لوبنان و هەروەها سیاسەتی ناکۆکی دروستکردن لە نێوان شیعە و سوونە لەم وڵاتانە کرد.

هەر لەم بارەوە باسی ئەوە کرا کە رێژیمی ئێران بە چەک و بێ چەکی ناوەکی هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان.
کازیوە.ر