کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی 22ی پووشپەڕ سال‌َرۆژی تیرۆری دوكتوور قاسملوو و هاورێیانی لە پاریس

23:29 - 24 پووشپەڕ 2712

كوردستان میــــدیا: رێوڕەسمی 23مین ساڵڕۆژی تیرۆری دوكتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە سەر گۆڕی ئەو شەهیدانە لە پێرلاشێزی پاریس بەڕێوە چوو.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی 23 ی پووشپەڕی 1391ی هەتاوی، بە بۆنەی 23هەمین ساڵوەگەڕی شەهیدكرانی سكرتێری پێشووی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، دكتوور عەبدولرەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی كاك عەبدوڵڵا قادری ئازەر و دكتور فازڵ ڕەسووڵ، لە پاریس و لە گۆڕستانی پێرلاشێز ڕێوڕەسمێكی بەشكۆ بۆ یادی شەهیدانی كارەساتی ڤیەن بە بەشداریی سەدان كەس لە كوردانی دانیشتوی وڵاتانی فەڕانسە، سوئیس و بلژیك و هەروەها بەشیكی بەرچاو لە نوێنەرانی حیزب، رێكخراو ،ڕێكخراو و كەسایەتی لە هەر چوار پارچەی كوردستان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، یادی 22ی پووشپەڕ بەرز ڕاگیرا.
رێوڕەسمەكە سەرەتا كاتژمێر 2ی دوا نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی 23ی پووشپەڕ لە بەردەركی گۆڕستانی پێرلاشێزەوە بە ڕێپێوانی ئامادە بوان بەرەو گڵكۆی شەهیدان، دكتور قاسملوو و عەبدوڵلای قادری ئازەر دەستی پێكرد.
پاشان بەشدارانی ڕێوڕەسمەكە بە دانانی تاجە گوڵینە، وەفاداری و ئەمەگناسیی خۆیان بە ڕێبازی دكتوور قاسملوو و شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری نیشان دا.
دواتر نوێنەری حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات بەڕێز شاهۆ حوسێنی، لە پەیامێكدا وێڕای بەخێرهێنانی بەشداران باسی لە كارەساتی تێرۆری ڤیەن كرد. نوێنەری حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات لە بەشێك لە وتەكانیدا ئاماژەی بەوە دا كە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی وای زانی بە تیرۆری ڕێبەرانی گەلی كورد خەبات و شۆڕشی ڕزگاریی خوازانەی گەلەكەمان كۆتایی پێدێ، بەڵام نەیزانی كە قوتابیانی دكتۆر قاسملوو درێژەدەرانی ئەو ڕێبازە هەر وا شێلگیرانە درێژە بە خەبات و بەرخودان دەدەن. بەرێز شاهۆ حوسێنی هەروەها بە وردی باسێكی لە سەر ژیان و خەباتی دكتور قاسملوو و هەروەها ڕێبازەكەی پێشكەش كرد و بە هەر دوو زمانی كوردی و فارسی بۆ بەشدارانی ئەو رێوڕەسمە دوا.
پاشان خاتوو خەمان زورار نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕانسە، بە بۆنەی یادی 23 ساڵەی شەهیدكرانی دكتور قاسملوو لە پەیامێكدا ئاماژەی بە ڕەوتی دێموكراسی لە ناوچەكە كرد و گوتی لە دونیای ئەمڕۆكەدا تەنیا ڕێگە چارەی چارەسەری كێشە و مەسەلەكانی جیهان لە ڕێگەی وتووێژ و دیالۆگەوە مەیسەر دەبێ. خاتوو خەمان زورار لە بەشیكی دیكەی قسەكانی دا ئاماژەی بە باوەڕی دكتور قاسملوو بە دێمۆكراسی و چارەسەریی پرسی كورد لە ڕێگەی دانوستان و گفتوگۆوە كرد و لە كۆتایشدا پێداگری كردەوە و وتی: هەر ئەوەندەی كە ئەمڕۆ پاش 23 ساڵ بە سەر تێپەڕبوونی شەهیدكرانی دكتور قاسملوودا ڕیگاكەی بەم چەشنە درێژەی هەیە و بەم شێوەیە یادی دەكرێتەوە، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە كە قاسملوو لە ڕێبازەكەی دا زیندووە.
بە دوای پەیامی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕانسە، پەیامی كۆمیتەی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە فەڕانسە، لەلایەن جەماڵ پووركەریم، سەرپەرەستی كۆمیتەی حیزب لەو وڵاتە پێشكەش كرا، لە پەیامەكەی كۆمیتەی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە فەرانسەدا هاتبوو كە ئێمە وەك كۆمیتەی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە فەرانسە ویڕای مەحكووم كردنی ئەم كردەوەی دیپلۆمات تیرۆریستەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران جارێكی دیكە لە سەر گڵكۆی ئەو شەهیدانە لە گەڵ خوێنی شەهیدانی رێگەی رزگاری پەیمان نوێ دەكەینەوە كە گەیشتن بە ئازادی و رزگاریی یەكجاری لە خەبات و تێكۆشان نەوەستین و تا سەر درێژەدەری رێگەی شەهیدان بین .
ئینجا بەریز كەماڵی زادە وەك كەسایەتیەكی سیاسی چەند وتەیەكی پیشكەش كرد و لەوێدا وێڕای باسكردن لە كەسایەتیی بەرزی دكتوور قاسملوو و ڕۆڵی ئەو لە بزووتنەوەی ڕزگاری خوازیی گەلی كورددا وتی: هەموومان لێرە پەیمان نوێی دەكەینەوە كە درێژەدەری ڕێباز و ڕێگاكەی شەهیدی سەركردەی گەلەكەمان دكتوور قاسملوی نەمر بین.
پاشان ژینا مێنبەری پەیامی یەكیەتی لاوانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە بێلژیكی پیشكەش كرد. لە پەیامەكەدا جارێكی دیكە ویڕای مەحكوومكردنی ئەم تیرۆرە ناجوامێرانەیە باس لەوە كرا كە ئێمە وەك لاوان درێژەدەری ڕێبازی پڕ لە سەروەری قاسملووی شەهید دەبین.
لە كۆتایدا بەشدارانی رێوڕەسمی یادی 23 ساڵەی شەهید كرانی دكتور قاسملوو، بەرەو گڵكۆی شەهیدانی میكۆنووس، شەهیدان دكتوور سادقی شەڕەفكەندی، هومایوونی ئەردەڵان و فەتاحی عەبدولی وەرێكەوتن و تاجەگوڵینەی رێز و وەفایان لە سەر مەزاری شەهیدانی كارەساتی میكۆنوسیش دانا و پەیمانی وەفاداریان بە رێبازی شەهیدان نوێ كردەوە.
ڕێوڕەسمەكە پاش دوو كاتژمێر كۆتایی پێهات