کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنە زیندانییەکی سیاسیی کورد، شەشەمین رۆژی مانگرتن لە خواردنی خۆی تێپەڕ دەکات

17:05 - 8 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: قەدریە قادری زیندانی سیاسیی کوردی زیندانی یاسووج سەبارەت بە دۆخی نالەباری خۆی مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی راپۆرتی کەمپەینی بەرگری لە زیندانییانی سیاسی و مەدەنی، قەدریە قادری زیندانی سیاسیی کورد بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بە دۆخی نالەباری گشتیی بەندی ژنانی زیندانی یاسوج و بێبەش بوون لە مافی مورەخەسی، مانی لە خواردن گرتووە.

ئەو مانگرتنە لە خواردن لە رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٣ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، دەستی پێکردووە و هەنووکە شەشەمین رۆژی خۆی تێپەڕ دەکات.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە دادگای ئینقلابی ئورمیە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی رێژیمی ئێران، بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرا و پاشان ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بە ٧ ساڵ زیندان و دوور خستنەوە بۆ زیندانی یاسوج گۆڕدرا.

قەدریە قادری لە کاتی تێپەڕ کردنی دەورانی زیندانییەکەی بە توندی تووشی نەخۆشی چڵکی گوێ و سەر بووە و پێشتریش دوو جار بۆ نەخۆشخانەکانی دەرەوەی زیندان راگوازراوە.

ماوەیەک لەمەوبەر، قازی چاوەدێری زیندانی یاسووج لەسەرەتا مۆڵەتی مورەخەسی بە ئەم زیندانییە سیاسییە داوە، بەڵام دوای جێبەجێ کردنی کار و باری ئیداری، دژایەتی کردووەتەوە.

قەدریە قادری زیندانی سیاسیی کورد خەڵکی ئورمیە، لە کۆتایی جۆزەردانی ١٣٩٠ی هەتاوی، لە شاری ئورمیە دەستبەسەر و زیاتر لە دوو مانگ لە گرتنگەی ستادی خەبەری ئیتلاعاتی ئورمیەدا بووە و پاش ماوەیەک بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندی ئورمیە گوازراوەتەوە و لە رێکەوتی ١٥ی پووشپەڕی ١٣٩٢ی هەتاوی بۆ بەندی ژنانی زیندانی یاسوج راگوازراوەتەوە.