کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان/ ٢٣٥ حاڵەت ئاگرکەوتنەوە، ئازادکردنی سەدان کەو و ئاشتی دەیان رواچی لەگەڵ سەروشت تۆمار کراوە

22:47 - 8 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: بە بۆنەی حەوتووی زەوی پاک، ئاژانسی کوردپا راپۆرتێکی ئاماری لەسەر رووداوەکانی پەیوەندیدار بە سروشت لە کوردستانی رۆژهەڵات بڵاو کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە زاری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بە بۆنەی حەوتووی زەوی پاک ئامارێکی لەسەر ژینگەی کوردستان و روداوەکانی پەیوەندیدار بە سروشتی کوردستانی لە ماوەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا بڵاو کردەوە.

لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا هاووڵاتیانی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات لە رێگای جۆراجۆر بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان وەک دەست هەڵگرتن لە راو، شکاندن و ئاگرتێبەردانی قەفەس، ئازادکردنی باڵندە کێوییەکان لە سروشت، چاندنی نەمام و پاک کردنەوەی شوێنە گشتییەکان لە زبڵ و زاڵ چالاکییان نواندووە.

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا سەرجەم ٢٣٥ حاڵەت ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە کوردنشینەکان رووی داوە کە ١٧٤ حاڵەتیان لە پارێزگای سـنە، ٣٧ حاڵەت لە کرماشان، ١٧ حاڵەت لە ئورمیە و ٧ حاڵەت لە ئیلام رووی داوە.

لە پەیوەندی لەگەڵ چالاکییە خۆڕسکەکانی هاووڵاتییانی کورد، بە شێوەی دیاریکراو ٦٤٤ کەو، ٩٠ بێچووە سمۆرە و ٢ هەڵۆ و سەدان کەوی دیکە بە شێوەی سمبولیک ئازاد کراون و هەروەها ٢٣٦ راوچی دەستیان لە راوکردن هەڵگرتووە و قەفەسەکانیان شکاندووە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە ٥ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٢٧ حاڵەت ئاگرکەوتنەوە لە ١٠٠ هێکتار لە دارستان و زەوییەکانی کرماشان رووی داوە کە لەسەدا ٩٥ی دار بەڕووکانی ناوچەی گیلانی‌غەرب تووشی مێمڵی دارواش و بوونە و ئەگەری لە ناوچوونیان هەیە.
هەروەها لەسەدا ١١ی دارستانەکانی پارێزگای ئیلام لەناوچوونە و ٥٧ هێکتاریش لە حاڵی لەناوچوون دانە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان ٥٥٧ هەزار هێکتار لە دارستانەکانی ئەو پارێزگایە لە بەرەبەری وشکبوون دانە.

زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکان لە ناوچە کوردنشینەکان لەلایەن کەسانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی رێژیمی ئێران روو دەدات و بەرپرسانی رێژیمیش لەو پەیوەندییەدا هیچ هەنگاوێک هەڵناگرن.

ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بە شێوەی دیاریکراو زۆرتر مەبەستی سیاسی و ئەمنیەتی لە پشتە و رێژیمی ئێران بە بیانووی ئەمنییەتی دارستانەکانی ناوچە کوردنشینەکان لەناو دەبات.

لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە، لە پەیوەندی لەگەڵ رەوتی خۆڕسکی ئاشتی لەگەڵ سروشت لەلایەن راوچییەکان زیاتر لە ٢٣٦ رواچی باڵندە کێوییەکانیان لە دواێنی سروشتدا ئازاد کردووە و ٢٩ شوێنی گەشتیاری لەلایەن هاووڵاتییانەوە لە زبڵ‌وخاشاک خاوێن کراوەتەوە.

لە درێژەی کار و چالاکیی ژینگەپارێزی هاووڵاتییانی کورد لە شاری پاوە و مەریوان و جوانڕۆ تۆوی داری وەن و بەڕوویان چاندووە و لە شارەکانی ئورمیە، مەریوان و سنە چەند هەزار نەمامیان چاندووە.

لەو پەیوەندییەدا پیشانگایەک بە شێوەی گرووپی لەلایەن ئەنجوومەنی وێنەگرانی مەریوان بە بەشداریی وێنەگرانی تاران، کرماشان و چەندین شاری کوردستان لەسەر ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لە مەریوان بەڕێوەچوو.

لەو راپۆرتەدا ئاماژە بە بارودۆخی قەیراناوی گۆلی ئورمیە، زەرێبار و کانی بڵ کراوە کە بە هۆی وشکەساڵی لە گٶرانی کەش و هەوای ناوچەکە و کەمتەرخەمی بەرپرسانی رێژیمی ئێران و بە مەبەستی ئامانجدار دۆخی ئەو دوو گۆلە و هەروەها کانی بڵ بە هۆی دروستکردنی بەنداو لە حاڵی ناوچوون دایە.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە رێگەی جۆراوجۆرەوە وەکوو پێشگیری لە کوژاندنەوەی ئاگرەکان لەلایەن هاووڵاتییانەوە، ئاگردانی چیاکان و دارستانەکان لە رێگەی دەست و پێوەندییەکانییەوە و کەمتەرخەمیی هێزەکانی فریا کەوتن لەمەڕ کوژاندنەوەی ئاگرەکان، هەوڵی لەناوبردنی ژینگەی کوردستان دەدات.

گوشار بۆسەر چالاکانی ژینگەپارێ و زیندانی کردنیان و هەروەها داسەپاندنی تۆمەتی ئەمنیەتی بەسەر ئەو چالاکانەدا، بەشێکی دیکە لە هەوڵە دژە ژینگەیی‌یەکانی رێژیم لە کوردستانی ئێران دان.