کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمینارێك بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ لە شاری كەلار

15:44 - 25 پووشپەڕ 2712

كوردستان میدیا: بەبۆنەی ٢٣مین ساڵیادی تیرۆری دوكتور قاسملوو و هاوڕێیانی، لە شار كەلار سمینارێك بۆ هەژار رەحیمی مامۆستای زانینگە و رامبود لوتف‌پووری كادری حیزبی دێمۆكرات، پێكهات.


بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری كوردستان میدیا، رێكەوتی ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩١ی هەتاوی، بەبۆنەی ٢٣مین ساڵیادی تیرۆری دوكتور و قاسملوو، سمینارێك بە بەشداریی دەیان كەس لە ئەندامانی حیزبی دێمۆكرات و ئاخافتنی هەركام لە بەڕێزان هەژار رەحیمی مامۆستای زانكۆ و رامبود لوتف‌پووری كادری حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، لە شاری كەلار بەڕێوەچوو.
لەم سمینارەدا سەرەتا هەژار رەحیمی مامۆستای زانینگە، وێڕای شی كردنەوەی ئامانجە نەتەوەییەكانی دوكتور قاسملوو لە چوارچێوەی ناسیۆنالیزمی نەتەوەیی و دوور لە هەر چەشنە بیرتەسكییەك، گوتی: ناسیۆنالیزمێك كە دوكتور قاسملوو داكۆكیی لێ دەكرد لەسەر بناغەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و دەستڕاگەیشتنی نەتەوەی كورد بە مافەكانی داڕێژرابوو.
ناوبراو وێڕای وەبیر هێنانەوەی ئەوەی كە دوكتور قاسملوو هیچ كات ئامادە نەبووە هاوكاریی رێژیمی بەعس لە دژی كوردەكانی عێراق بكات گوتی: بە هەموو پرسێك مامەڵە و سیاسەت دەكرێ‌، بەڵام لەسەر پرسی كورد كە هێڵی سووری ئێمەیە، ئامادەی هیچ مامەڵە كردنێك نین.
رەحیمی لە دوو رەهەندی جیهانی و نەتەوەی، بیر و ئەندیشەی دوكتور قاسملووی تاوتوێ كرد. لە رەهەندی نەتەوەییدا لەسەر سوور بوونی دوكتور قاسملوو بۆ چارەسەر كردنی ئاشتییانەی پرسی كورد و بەهێزتر كردنی حیزبی دێمۆكرات هەروەها لە رەهەندی جیهانیشدا بە هێنانە ئارای سوسیالیزمی دێمۆكراتیك و رەخنە لە سیستمە شكست‌خواردووەكانی جیهان، دوكتور قاسملووی وەكوو كەسایەتیی جیهانی پێناسە كرد.
هەژار رەحیمی لە درێژەدا گوتی: دوكتور قاسملوو تەنیا رێبەری حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران نییە، بەڵكوو دوكتور قاسملوو لە حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێراندا بوو رێبەری بزووتنەوەی كوردستان.
پاشان رامبود روتف‌پووری، كادری حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، لەسەرتای قسەكانی خۆیدا پێناسەی شۆڕشی كرد و گوتی: شۆڕشگێڕ، هێزێكی مرۆییە كە چەمك و بیری شۆڕش پراكتیزە دەكات و كەسی شۆڕشگێڕ بە خەونێكی مەزنی مرۆڤی پەیوەست بە شۆڕش دەبێت، بەڵام لە كردەوەدا دەبێت بە كەسایەتییەكی ریالیست.
لوتف‌پووری گوتی: شۆڕشگێڕ، رووناكبیرێكی پراگماتیستە كە بە رەخنە لە بارودۆخی هەنووكەیی كۆمەڵگا، لە كردەوەدا بۆ گۆڕان و پێكهێنانی ئاڵوگۆڕ هەوڵ دەدات و ئامادەیە لەو پێناوەدا خەساری مادی و گیانیش پێشكەش بكات.
رامبود باسی لە كەسایەتیی شۆڕشگێڕانەی دوكتور قاسملوو كرد و گوتی: دوكتور قاسملوو سەرەڕای ئەوەی كە خولیایەكی گەورەی بۆ رزگاریی نەتەوەكەی و جێگیر كردنی كۆمەڵگایەكی دێمۆكراتیك بوو و بە كردەوە بۆ دەستڕاگەیشتن بە خولیاكانی تێدەكۆشا و بە دروستی راستیی كۆمەڵگاكەی تێ دەگەیشت. هەر بۆیە دەتوانین دوكتور قاسملوو وەكوو سیاسەتڤانێكی شۆڕشگێڕ لە قەڵەم بدەین.