کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو چالاکی کرێکاری کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیرانەوە دەستبەسەر کران

17:22 - 9 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: لە بەرەبەرەی رۆژی جیهانی کرێکار، دوو چالاکی کرێکاری خەڵکی سەقز و مەهاباد دەستبەسەر کراون.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٨ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، شەپۆلی دەستبەسەر کردن و بانگهێشت و توندوتیژی لەهەمبەر کرێکاران و لە بەرەبەری رۆژی جیهانی کرێکار رووی لەزیادبوون کردووە و لەو پێوەندییەدا مەحموود ساڵحی خەڵکی سەقز لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە هێرش کراوەتە سەر ماڵەکەی و دەستبەسەر کراوە.

هەروەها رۆژی سێشەممەی ٨ی بانەمەڕ چالاکێکی کرێکاریی دیکە بەناوی عوسمان ئیسماعیلی و ئەندامی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی دامەزراوە کرێکارییەکان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە دەستبەسەر کراوە.

هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە و دوای پشکنینی ماڵەکەیان دەستیان بەسەر کۆمپیوتێر و هێندێ کەل و پەلی دیکەیاندا گرتووە.

سەرچاوەیەکی ئەگادار لەم بارەیەوە رایگەیاندووە کە لە هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن هێزەکانی ئەمنییەتی رێژیمی ئێرانەوە و شوێنی راگرتنیان هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویدا لانیکەم ١٨ چالاکی کرێکاری کورد دەستبەسەر کراون.