کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەندەن/ بەڕێوەچوونی نۆیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی و پێشبڕکێی \"یەڵماز گۆننەی\"

21:48 - 9 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن و پێنجەمین خولی پێشبڕکێی یەڵماز گۆننەی بۆ کورتە فیلم لە شاری لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن و پێنجەمین خولی پێشبڕکێی یەڵماز گۆنەی بۆ کورتە فیلم بە بەشداریی فیلمە کوردییەکان کە بەرھەمی سینەماکارانی کورد و بیانین بەڕێوە دەچێت.

ئەو فێستیڤاڵە لە سێ بەشی فیلمی بڵندی سینەمایی، فیلمی دیکۆمێنتی (بەڵگەنامەیی)، ئەنیمەیشن و کورتە فیلم بە ناورۆکی چیرۆکی و دیکۆمێنتی لەخۆ دەگرێت و سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی لە سینەمای پیکچەرھاوس (Picture House) لە ناوچەی ھەکنێی (Hackney) لە شاری لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.
رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١١ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی دوایین مۆڵەتە بۆ ناردنی بەرھەمە سینەماییەکان بۆ بەشداری لەم فێستیڤاڵەدا.

پێشبڕکێی یەڵماز گۆننەی بۆ کورتە فیلم لە لایەن فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەنەوە، بۆ وەبیرھێنانەوەی یادی دەرھێنەری گەورەی کورد یەڵماز گۆننەی سازدراوە.

فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بە بونەی ئەم رووداوانەی کە بەسەر کوردستان و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھاتووە ئەمساڵ لە لەندەن گرینگییەکی تایبەتی دەداتەسەر ئەم بەرگرییە بێی وێنەی کوردیی رۆژئاوا و باشوور بەرامبەر بە داعش و ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی کە بە سەریاندا ھاتووە.

فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن یەکێکە لە گەورەترین فیستیڤاڵەکانی فیلمی کوردی لە سەرتاسەری دنیا و ھەر دوو ساڵ جارێک بە نمایش کردنی بەرھەمی فیلمی بڵند، کورتە فیلم و فیلمی دیکۆمێنتی لە جۆری دیکۆمێنتی و درامی بە ناوەرۆکی کوردستان و کوردەکان بەرھەمی سینەماکارانی کورد و بیانی لە شاری لەندەن لە بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.