کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە دەستبەسەر کردنی چالاکانی عەرەبی ئەهواز

22:22 - 9 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێران دەیان چالاکی سیاسی عەرەب لە ئەهوازیان دەستبەسەر کردووە کە یەکێکیان منداڵە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکخراوی لێبوردن نێودەوڵەتی و رێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ، ئەمرۆ چوارشەممە، لە راپۆرتێکدا نیگەرانی خۆیان نیسبەت بە دەیان چالاکی سیاسی عەرەب کە لە پارێزگای ئەهواز لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیرانەوە دەستبەسەر کراون، دەربڕیوە.

بەپشت بەستن بە راپۆرتی ئەم رێکخراوانە و چالاکانی سیاسی، داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و بنەماڵەی دەستبەسەر کراوان ئەم دەستبەسەر کردنانە لە بەرەبەری دەیەمین ساڵیادی خۆپیشاندانی مانگی خاکەلێوەی ٨٣ رووی داوە.

بە وتەی سەرچاوەی ئاگادار و چالاکانی سیاسی، ئەم دەستبەسەر کردنانە بە بێ هەبوونی مۆڵەت و لەلایەن کەسانی چەکداری هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە ئەنجام دراوە.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانی خۆیان نیسبەت بە دەستبەسەر کردنی چالاکانی سیاسی عەرەبی ئەهوازی دەربڕیوە و هەروەها رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە شەپۆلی بەرینی دەستبەسەر کردن لە ماوەی حەفتەکانی رابردوودا کە لە راپۆرتەکاندا هاتووە نیگەرانی خۆی دەربڕیوە.

حاتەم عەبیات (دانیشتوی حەمیدیە) و مستەفا حەیدەری (تەمەن ١٧ ساڵە، دانیشتوی کوی عەلەوی ئەهواز) شوناسی دو کەس لە هاووڵاتییانی عەرەبە کە لە ماوەی رۆژانی دووشەممە و سێشەممە رێکەوتی ١٧ و ١٨ی خاکەلێوە، دەستبەسەر کراون.

ئاماری چالاکانی سیاسی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی دەستبەسەر کراو لەلایەن رێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لانیکەم ٧٨ کەس و لایەنی زۆری ١٠٠ کەس راگەیاندراوە.

لە ماوەی رابردوودا لە دوای گیان لە دەستدانی یونس عەساگرە دەستفرۆشی خەڵکی خوڕەمشار خۆپیشاندان و تێکهەڵچونێک لە پارێزگای ئەهواز لە نێوان ‌هێزە ئەمنییەتییەکان و خەڵکی ئەو شارە رووی دا.

یونس عەساگرە نیسبەت بە هێرش کردنی مەئمورانی شارەوانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر شوێنی میوەفرۆشییەکەی ناڕەزایەتی دەربڕیبوو لە رێکەوتی ٢٣ی رەشەمەدا خۆی سووتاند و سەر لە بەیانی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢ی خاکەلێوە، بە هۆی قوڵی برینەکەی گیانی لە دەست دا.

درێژەی رەوتی سەرکوت و هەڵاواردنی مافی مرۆڤ بە تایبەت نەتەوە بندەستەکانی ئێران لە حاڵێکدایە کە لە دەوری ئەم دواییانەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێران، حەسەن روحانی بە دانی وادە و بەڵێنی باشتر کردنی بارودۆخی مافی مرۆڤ و هەروەها گرینگیدان بە مافی نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێران پۆستی سەرکۆماری بەدەست هێنا.