کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەورێز/ هاوبەندییەکانی سامان نەسیم بۆ بەندی گشتی گوازرانەوە

17:19 - 10 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: دوو زیندانی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئیعدام بۆ بەندی گشتی زیندانی تەورێز راگوازران.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سیروان نژاوی و ئیبراهیم عیساپوور دوو زیندانی سیاسیی کورد کە زیاتر لە دوو مانگە لە بەندی سزادانی زیندانییانی مەحکووم بە ئێعدامدا بوون بۆ بەندی گشتی زیندان گوازرانەوە.

بەپێی راپۆرتی ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی کوردستان، لە چارەنووسی سامان نەسیم زیندانی دیکەی سیاسیی کورد هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

سیروان نژاوی رێکەوتی ١٤ی پووشپەڕی ١٣٩٠ی هەتاوی، پاش دەستبەسەر کردن و ئەشکەنجەیەکی زۆری جسمی و رەوانی لەلایەن مەئموورانی ئەمنییەتی رێژیمی ئێرانەوە، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە بێ هەبوونی وەکیل لەلایەن دادوەر جەوادی‌کیا بە تۆمەتی موحاربە و ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ئیعدام مەحکووم ببوو.

ئیبراهیم عیساپوور زیندانییەکی دیکەی سیاسی کوردی دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی سەر بە سەردەشتە، لە رێکەوتی ١٦ی پووشپەڕی ١٣٩٠ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران دەستبەسەر و پاش ئەشکەنجەیەکی زۆر و راگرتن لە دیوی تاکە کەسی بە زیندانی مەهاباد راگوازرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردەش لە رێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٩١ی هەتاوی، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بە تۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژ بە رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ئێعدام مەحکووم کرا.

ئەم دوو زیندانییە سیاسییە کوردە لەگەڵ سامان نەسیم، عەلی ئەفشاری، حەبیبوڵڵا ئەفشاری و یونس ئاقایان رێبەندانی ساڵی رابردوو بۆ جێبەجێ کردنی حوکمی ئێدامەکەیان بۆ شوێنی نادیار گوازرابوونەوە و پاش ئێعدامی عەلی ئەفشاری و حەبیبوڵڵا ئەفشاری، یونس ئاقایان بۆ زیندانی زەنجان گوازراوە و لە چارەنووسی سامان نەسیم هیچ زانیارییەک لە بەر دەسدا نییە.

بنەماڵە ئەم دوو زیندانییە سیاسییە ئێعدام کراوە هەتا ئێستا تەرمی منداڵەکانیان وەرنەگرتووە و وەزارەتی ئیتلاعات بە بنەماڵەکانیان رایگەیاندووە کە بە شێوەی شاراوە تەرمی ئەم دوو زیندانییە سیاسییە کوردەی ئەسپەردەی خاک کردووە.

لەم پەیوەندییەدا سامان نەسیم زیندانییەکی دیکەی سیاسی کوردی مەحکووم بە ئێعدام هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی لە بەر دەستدا نییە و چەندین ناوەند و رێکخراوی داکۆکیکاری مافی مرۆڤی جیهانی و ئێرانی نیسبەت بە چارەنووسی ناڕوونی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە و هەڵسوکەوتی رێژیمی ئێران ناڕەزایەتییان دەربڕی.

سامان نەسیم لە دایکبووی ساڵی ١٣٧٣ و خەڵکی شاری مەریوانە.

ناوبراو لە پووشپەڕی ١٣٩٠ و لەکاتێکدا کە ١٧ ساڵ تەمەنی بوو لە سنووری سەردەشت گیرا و بۆ ماوەی دوو مانگ لە گرتنگەی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ئورمیەدا بوو و پاش لێدان و شکەنجەیەکی زۆر بۆ زیندانی مەهاباد راگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کۆتاییدا بە تۆمەتی موحاربە لە رێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رێژیمی ئێران لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەر داسەپا و ئەو حوکمە لەلایەن دادگای پێداچوونەوی ئورمیە و لقی ٣٢ی دیوانی بەرزی وڵات، وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.