کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی ئەمنییەت و ئیمکانات، قوتابیانی ناوچەی ئیلامی لە خوێندن بێبەش کردووە

17:07 - 14 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: قوتابخانەکانی گوندەکانی سەر بە شاری ئەیوانی رۆژئاوا لە لانیکەمی ئیمکاناتی خزمەتگوزاری وەک بینای قوتابخانە و کەرستەی پەروەردە بێبەشن و قوتابیانی ئەو قوتابخانانە لە دژوارترین دۆخدا دەخوێنن.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، قوتابخانەکانی گوندەکانی شاری ئەیوان لە پارێزگای ئیلام لە لانیکەمی ئیمکاناتی خوێندن بێبەشن و بە هۆی نەبوونی بینای خوێندن لە خێوەت کەڵک وەردەگرن.

قوتابیانی ئەو گوندە دۆخێکی زۆر نالەباریان هەیە و قوتابیان و بەرپرسانی پەروەردە و بارهێنان هیچ ئاوڕێک بۆ چارەسەری ئەو کێشەگەلە نادەنەوە.

شوێنی ئەو قوتابخانانە لە بواری هەڵکەوتی جوغرافیایی لە شوێنێکی زۆر مەترسیدار و دوور دایە و ئەم قوتابخانانە سەرەڕای کێشەی فیزیکی، هیچ ئیمکاناتێکی پێویستیان نییە و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە چەندین جار داوا لە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەم شارستانە کراوە کە کەرستەی پێویستی ئەو قوتابخانانە دابین بکات.

گوندنشینانی پارێزگاکانی ئورمیە، سـنە، کرماشان و ئیلام لە خزمەتگوزاریی فێرکاری و بارهێنانی قوتابیان، بێبەشن.

ئەمانە لەحاڵێكدایە كە ناوەندە پەیوەندیدارەكانی رێژیمی ئێران بە بەردەوامی بانگەشی فێر بوونی زانست و زانیاری لە ئێران دەكەن، بەڵام بەوتەی كۆمەڵناسان و پسپۆڕان ئەو قسانە تەنیا پڕوپاگەندەن.

نەبوونی فەزای ئامووزشی و بارهێنان لە گوندەکانی کوردستانی رۆژهەڵات یەکێک لە کێشەکانی دیکەیە کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر قوتابی بەو هۆیەوە لە خوێندن دوور دەکەونەوە و بنەماڵەی قوتابییانیش بە هۆی هەژاری و نەبوونی شوێن و کات توانایی ناردنی منداڵەکانیان بۆ شارەکانی دەوروبەر نییە.