کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات، سەبارەت بە مەرگی فەریناز خوسرەوانی

17:05 - 17 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە مەرگی گوماناوی کچێکی کوردی مەهابادی بە ناوی فەریناز خوسرەوانی کە بۆ \'\'پاراستنی کەرامەت و نامووسی\'\' خۆی و بۆ پێشگیری لە دەستدرێژیی فەرمانبەرێکی \'\'ئیدارەی گەشتیاری\'\'، لە نهۆمی چوارەوە خۆی فڕی داوەتە خوارەو، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئەو راگەیەندراوە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانانی بەرێز،ژنانی خەباتگێری كوردستان، رۆژی ١٤ی بانەمەری ١٣٩٤ی هەتاوی خوشكێكی لاوی مهابادی بەناوی فەریناز خوسرەوانی كارگێڕی هۆتێلی تارا لە شاری مهاباد لە پێناو پاراستنی كەرامەتی خۆی، بۆ دەربازبوون لە دەستدرێژی فەرمانبەرێكی سەر بە رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە نهۆمی چوارەمی ئەو هۆتێلە كە دەرەتانی دەربازبوونی بەهۆی داخستنی دەرگا لەلایەن ئەو فەرمانبەرە دژی گەلیە بۆ نەمابۆوە بە ناچاری لە پەنجەرە و لە بالكۆنی ئەو نهۆمەوە خۆی فرێدەداتە خوارەوە و بەشێوەیەكی زۆر دڵتەزێن گیانی لەدەست دەدا.
 
باس لە رووداوە و  ئاسانكاری بەرپرسی هوتێل تارا بۆ ئەو كارە دزێوە بووەتە هۆی رق‌وقینی خەڵكی شاری مهاباد بەگشتی و ژنان و كچان بە تایبەتی و جارێكی دیكە برینی ژنانی كوردی لە بێ‌‌ڕێزی كۆماری ئیسلامی بە كەرامەتی ژنانی كورد كولاندەوە.
 
لەو پەیوەندییەدا یەكیەتیی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران وێرای محكوم كردنی ئەو هەوڵە دەستدرێژی كەرانەیە و ئەو ئاسانكاری بەرپرسی هۆتێل بۆ ئەو جینایەتە داوا لە هەموو رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافی ژن و لایەنگرانی یەكسانی بە گشتی و خەڵكی چاو نەترسی شاری مهاباد بە ژن و پیاوەوە و سەرجەم تێكۆشەرانی كورد و خەڵكی كوردستان دەكات لە ئاست ئەم بێ‌كەرامەتیانە بە ژن و رەفتاری دەستدرێژی كەرانەی دەست و پەیوەندییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەنگی نارەزایەتی و بێزرای خۆیان بە هەر جۆرێك كە بۆیان دەكرێ‌دەرببڕن و نیشان بدەن كە ژنی كورد و خەڵكی كوردستان لە بەرامبەر ئەو بێ‌حورمەتیانەدا بێ‌دەنگ نابن، با لەو پەیوەندییەدا هاودەنگ و هاوهەنگاو بین و رێگا نەدەین چارەنووسی فەرنیاز و فەرنیازەكان دووپات ببنەوە.
 
یەكیەتیی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران
١٦ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی