کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرێوەچوونی خۆپیشاندانی سەرانسەریی مامۆستایان لە کوردستان و ئێران

23:54 - 17 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا:چوارەمین کۆبوونەوەی بەرینی ناڕەزایەتیی مامۆستایان بۆ جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیان لە کوردستان و ئێران لە رۆژی دیاریکراودا بەڕێوە چوو.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، زۆربەی مامۆستایانی قوتابخانەکانی کوردستان کە رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاویان وەک رۆژی خۆپیشاندان بۆ جێبەجێ کردنی ویستەکانیان دیاری کردبوو بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان، ناڕەزایەتییان نیسبەت بە بارودۆخی ژیان و مووچەکانیان دەربڕی.
ئەمڕۆ مامۆستایان لە زۆربەی شارە کوردنشینەکانی کوردستان و ئێران، بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر بارودۆخی ژیان و گرفتە سینفییەکانیان، بۆ چوارەمین جار خۆپیشاندانی سەرتاسەریان بەڕێوە برد.


ئەم خۆپیشاندانە بەرچاوە لەلایەن مامۆستایانەوە بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی بە بارودۆخی نالەباری ژیانی مامۆستایان و باری ئابووری ئەم توێژی فەرهەنگییەی کۆمەڵگا بەڕێوەچووە.
راپۆرتە گەیشتووەکان بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا باس لەوە دەکەن کە مامۆستایانی کورد لە شارەکانی سنە، کرماشان، مەریوان، بۆکان، سەقز، ئیلام، ئورمیە، قوروە و شارەکانی دیکەی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو لە بەردەم ئیدارەی پەروەردەی ئەو شارانەدا کۆبوونەتەوە و بەم شێوەیە ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر دۆخی مامۆستایان دەربڕیوە.

هەروەها راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بە هۆی پێشوازیی بەرچاوی مامۆستایانی کوردستان و ئێران لە خۆپیشاندانەکان، مامۆستایانی شاری ئورمیە لەگەڵ دژکردەوەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەرەوڕوو بونەتەوە و هێزەکانی رێژیم لە هەوڵی پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی مامۆستایان دەکەن.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، مامۆستایانی پیرانشار و سەردەشت بۆ بەشداری لەو خۆپیشاندانەدا چوونەتە شاری ئورمیە کە مامۆستایانی سەردەشت بە جل‌وبەرگی کوردی لەو خۆپیشاندانەدا بەشداریان کردووە.