کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٣ هاووڵاتی لە مەهاباد بریندار و ژمارەیەکیش بەبێ حوکمی دادگا دەسبەسەر کران

19:26 - 18 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: سەەڕای زاڵبوونی دۆخێکی نیزامی و میلیتاریزەکرانی شاری مەهاباد و هەروەها خراپیی ئینترنێت و تەلەفوون، هەواڵی رووداوەکانی ئەو شارە بە شێوەیەکی خێرا دەگوازرێنەوە و دەنگدانەوەی میدیایی جیهانی و ناوچەیی بە خۆیەوە گرتووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ٢٣ هاووڵاتیی کورد لە شاری مەهاباد بە تەقەی هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە برینداربوون و ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیش دەسبەسەر کراون.

هەتا ئێستا ژمارەی وردی دەسبەسەر کراوان، ناڕوونە و دەوترێ رێژەی دەسبەسەرکراوان لە مەهاباد بە تێپەڕینی کات لە هەڵکشان دایە و هێزەکانی رێژیم بەردەوام ناڕازییان لە ماڵەکانیان بەبێ هیچ حوکمێکی قەزایی دەسبەسەر دەکەن.

بەپێی راپۆرتەکان، کۆبوونەوەی زیاتر لە دوو کەس لە شاری مەهاباد و بەتایبەت لە ناوەندی شاردا قەدەغەیە و رێژیم لە شارەکانی دیکەوە هێزی زیاتر رەوانەی ئەو شارە دەکات.

ئەمە لە کاتێک دایە کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ترسی تەشەنەی زیاتری ئەو ناڕەزایەتییانە بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان، حاڵەتی ئامادەباشیی بۆ هێزەکانی خۆی لە ژمارەیەک لە شارەکانی کوردستان راگەیاندووە و بە پێی دوایین هەواڵەکان رێژیم لە شاری سایین‌قەڵاوە یەگانی ویژە و هێزێکی زۆری لیباس شەخسیی رەوانەی شاری بۆکان کردووە.

ئەمە لە کاتێک دایە کە رێژیم لە رێگای جۆراوجۆر و بە فێڵ و تەڵەکە تایبەتییەکانی خۆیەوە لە هەوڵی کەمڕەنگ کردنەوەی ئەو رووداوانە دایە و لە شارەکانی کوردستان مۆرە و دەست و پێوەندییەکانی خۆی ئاگادار کردووەتە کە پاڵپشتی لە حەرەکەتی ناڕەزایەتیی مەهاباد نەکەن.

هێزەکانی رێژیم لە شاری مەهاباد ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان دەسبەسەر کردووە و بە ئۆتووبووس بۆ شاری ئورمیە رایانگواستوون.