کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی شارەکانی کوردستان نائارامە/ رێژیم هەڕەشەی لە بنەماڵەی خوسرەوانی کردووە

01:53 - 20 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران سەرەڕای توندترکردنەوەی دۆخی ئەمنیەتیی شارەکانی کوردستان، لە شاری مەهاباد هەڕەشەی لە بنەماڵە فەریناز خوسرەوانی کردووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ترسی سەرهەڵدان و رابوونی خەڵکی ئورمیە، ئەو شارەی بە تەواوی میلیتاریزە کردووە و دەیهەوێ پێش بە هاتنە ئارای هەر چەشنە ناڕەزایەتییەک بگرێت.

لەلایەکی دیکەوە هەواڵەکان لە سەردەشت باس لە تەقەی هێزەکانی رێژیم لە خەڵک دەکەن و دەوترێ چەند کەسێکیش بریندار بوون و هەتا کاتژمێر ٢٠:٤٠ خولەک بە کاتی تاران، ٢٣ هاووڵاتیی ناڕازی لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە لەو شارەدا دەسبەسەر کراون.
10766.jpg
هێزەکانی رێژیم لە سەردەشت لە ئامادەباشی دان


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ لە شاری سەردەشت خوپیشاندانێکی بەرچاو دەستی پێ کرد و لە ساعت ٦ی ئێوارەوە هەتا ئێستاش بەردەوامە.

شەقامی کەمەربەندی هەتا نزیک بنکەی ئاگرکوژێنەوە لە شاری سەردەشت قەرەباڵغ راگەیەنراوە.

لەلایەکی دیکەشەوە دەوترێ هێزی تایبەتی رێژیم رەوانەی شاری رەبەت سەربە شارستانی سەردەشت کراوە.

بەپێی ئەو هەواڵانە کەلە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە: هێزەکانی یەگان ویژە، دژە شۆڕش، ئیتلاعات و سپای پاسداران و بەسیج بە حەوت ماشین لە شەقامەکانی ئەسڵیی شار، لای شارەداری، کۆڵانەکانی سەربە رەبەتی خوارێ، گەراجی سەردەشت، جێگیر کراون.

هێزەکانی رێژیم ترسی سەرهەڵدانی گشتییان لەلایەن خەڵکی رەبەتەوە لێ نیشتووە و لە ئەگەری هەرچەشنە ناڕەزایەتییەکی خەڵکی، بەرەنگاری ناڕازییان دەبنەوە.

بەپێی راپۆرتەکان، لاوانی ئەو شارە دروشمی نەتەوەیی و دژە نیزام وەکوو \'\'بمرێ داگیرکەر، مەهاباد مەهاباد گولێ سەرتۆپی زەوی\'\' دەڵێنەوە.

بە وتەی شایەتحاڵان، خەڵکی بۆکان لە تێکڕای شەقامەکانی ئەو شارە بەرەو مەیدانی \'\'ئەسکەندەرییە\'\' بەڕێ کەوتوون و دوو هاووڵاتیی ناڕازیش لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

هەروەها شاری \'\'مەریوان\'\'یش لە پارێزگای سنە بە تەواوەتی لەلایەن هێزی نیزامییەکانی رێژیمەوە میلیتاریزە کراوە، ئەوە لە کاتێک دایە دوێنێ هەینی رێکەوتی ١٨ی بانەمەڕ لە مەریوان تەقە لە هێزەکانی رێژیم کرابوو.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئیدارەی ئیتلاعاتی ریژیمی ئیسلامیی ئیران لە شاری مەهاباد هەڕەشەی لە بنەماڵەی فەریناز خوسرەوانی کردووە و پێیان وتووین کە نابێ هیچ چەشنە لێدوانێک بە میدیا و راگەیەنەکان بدەن.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەو پێوەندییەدا نووسیویەتی: ٣ لاوی کوردی خەڵکی شاری سنه بەبێ هیچ هۆکارێکی دیاریکراو لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی رێژیم و لەبەر چاوی گشتیی خەڵکەوە دەسبەسەر کراون.